نێچیرڤان بارزانی جەخت لە پاراستنی مافی گەلی کورد و پێکهاتەکان لە سووریا دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

به‌یانیی ئەمڕۆ شەممە، لە دووه‌م رۆژی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێ کرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا کرد." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان به‌ دیالۆگ و لێکگەیشتن و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد." 
 
لاى خۆیەوە،  شەیبانی پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و رەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە.
 
دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارييه‌ هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
 
رۆژی هەینی، 14ـی شوباتی 2025، 61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد؛ کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و تاوەکو 16ـی شوبات، بە بەشداری بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا و جیهان بەڕێوەدەچێت.
 
سێ لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی ئاگربەست لە غەززە، وەستانی شەڕی نێوان رووسیا - ئۆکراینا ودۆخی سووریان.