مەزڵووم عەبدی لە میونشنەوە پەیامێک بۆ رەوەندی کوردی دەنێرێت و سوپاسی پشتگیرییەکانیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ رەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپا نارد و تێیدا سوپاسی هەڵوێستە نیشتمانییەکانیانی کرد لە پشتگیریکردنی دۆزی کورد لە سووریا.
مەزڵووم عەبدی لە سەرەتای پەیامەکەیدا داوای لێبووردنی لە رەوەندی کوردی کرد کە نەیتوانی لەو کاتەی دیاریکرابوو لەگەڵیان کۆبێتەوە و گوتی: "داوای لێبووردن دەکەم کە نەمانتوانی ئەو دیدارەی بڕیار بوو ئەمرۆ لە میونشن بیکەین، لە کاتی خۆیدا رێکی بخەین، ئەوەش بەهۆی هەندێک هۆکاری دەرەوی ویستی ئێمە بوو. بەڵێنیان پێ دەدەین کە لە کاتێکی نزیکدا ئەو دیدارە بکەین."
پێزانین بۆ رۆڵی رەوەندی کوردی
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ستایشی خۆپێشاندان و چالاکییەکانی کوردانی تاراوگەی کرد و رایگەیاند: "دەستخۆشی لە هەڵوێستی نەتەوەیی رەوەندی کورد دەکەم لە ئەورووپا. ئەو مارش و ناڕەزایەتییانەی کردتان، کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان هەبوو لەسەر بەرزکردنەوەی رۆحی نەتەوەیی و ورەی شەڕڤانان و گەلی ئێمە لە رۆژئاڤا."
رۆژئاڤا لە قۆناخێکی نوێدا
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پشتگیرییانە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی دۆخی رۆژئاڤا بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی بڕوات. گوتیشی: "ئەو ئاگربەست و رێککەوتنانەی ئێستا بەدیهاتوون، بەرهەمی خۆڕاگریی گەلەکەمان و پشتگیریی ئێوەیە. ئەم پشتگیرییە ستوونێکی بنەڕەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەم دواییە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی داوای لە رەوەندی کوردی کرد لەسەر چالاکییەکانیان بەردەوام بن تاوەکو گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا.