رووسیا: لە سەرەتای ئەم مانگەوە 12 گوندی ئۆکراینامان کۆنترۆڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری رووسیا، سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی رووسیا لە مانگی شوباتدا 12 گوندی رۆژهەڵاتی ئۆکراینایان کۆنترۆڵ کردووە.
سەردانەکەی گێراسیمۆڤ لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەم هەفتەیە مۆسکۆ و کیێڤ بە نێوەندگیری واشنتن لە جنێڤ کۆببنەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە نزیکەی چوار ساڵ لە جەنگ.
گێراسیمۆڤ گوتی، "لە دوو هەفتەی مانگی شوباتدا، سەرەڕای دۆخی سەختی زستان، هێز و یەکە سەربازییەکانی هێزی ئەرکی هاوبەش، 12 شارۆچکە و گوندیان رزگارکرد."
خێرایی پێشڕەوییەکانی مۆسکۆ لە پاییزدا زیادی کرد، بەڵام رووسیا لە چوار ساڵی جەنگدا نەگەیشتووەتە ئامانجی خۆی کە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی هەرێمی دۆنێتسک.
رووسیا داوا دەکات بۆ هەر رێککەوتنێک بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کیێڤ لە هەرێمی دۆنێتسک نەمێنێت. ئۆکراینا مەرجەکە رەت دەکاتەوە.
گێراسیمۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی مۆسکۆ بەرەو ئاراستەی سلاڤیانسك دەجووڵێن، کە ناوەندێکی پیشەسازییە و لە ساڵی 2014 بۆ ماوەیەکی کورت کەوتە دەست جوداخوازانی سەر بە رووسیا.
هێزەکانی مۆسکۆ نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورن.
مۆسکۆ هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن بە بەشێک لەو خاکە دەزانێت کە دەبێت لەژێر دەسەڵاتیدا بێت.
بەڵام هاوکات بۆ ناوچەکانی دیکەی ئۆکرایناش پێشڕەوی کردووە.
گێراسیمۆڤ گوتی، رووسیا "ناوچەی ئەمنیی فراوان دەکات" لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە هەرێمەکانی سومی و خارکیڤ، کە چەند ناوچەیەکی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
سوپاسالاری رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەفسەرەکاندا تاوتوێی "هەنگاوەکانی داهاتوو بەرەو دنیپرۆپێترۆڤسک" دەکات.
هێزەکانی رووسیا هاوینی رابردوو لە چوارچێوەی گوشارەکانیان بەرەو رۆژئاوای ئۆکراینا، چوونە نێو هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، بەڵام کرێملین هەرگیز بە فەرمی داوای خاوەندارێتیی ئەو هەرێمەی نەکردووە.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت، مۆسکۆ بەنیازە بە زەبری هێز دەست بەسەر تەواوی هەرێمی دۆنێتسکدا بگرێت.