نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی زۆر ئەرێنی بوو
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن رایگەیاند، "هەموو وڵاتەکان دەیانەوێت هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ هەبێت".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی پرسە رۆژەڤەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و پرۆسەی چارەسەری تورکیا و باکووری کوردستانی کرد.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە ئاماژەی بەوە دا، "هەموو وڵاتەکان دەیانەوێت هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ هەبێت" و "ئێمە فاکتەری سەرەکی سەقامگیری لە ناوچەکە دەبین".
پێکهێنانی حکومەتی عێراق و کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەوەی پێمان بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەیکەین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد و گوتی، "کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و کاک بافڵ زۆر ئەرێنی بوو".
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە دەستپێکێکی زۆر باش بووە.
پرۆسەی چارەسەری تورکیا
پرسی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان پرسیارێکی دیکە بوو لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا و ئاماژەی بەوە دا، " پرسەکە زۆر جیدییە، راستە پرۆسەکە هەندێک چەقبەستووە بەڵام ئەرێنییە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی پەکەکە کرد لە پرۆسەکە و گوتی، دەبێت پەکەکە بە دەم داواکارییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بچێت.
پرسی رۆژئاوای کوردستان و سووریا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە ئاماژەی بەوە دا، بەگوێرەی دۆخی ناوچەکە رێککەوتنەکە گونجاوە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، گرنگە ئەوەیە ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و شێوازی جێبەجێکردنەکەیشی بۆ خۆیان جێدەهێڵن.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رێککەوتنەکەوە ئاماژەی بەوەش دا، "نیەتێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کورد و دیمەشق. ئێمەش یارمەتیدەر دەبین بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر".
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەخێربێن..
وەک هەموو ساڵ ئێمە بەشداریمان کرد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە قسەمان کرد. بێگومان ئەوەی کە ئەم ساڵ جێگەی بایەخ بوو، زیاتر پرسی سووریا و هەروەها پێکهێنانی حکومەتی عێراق بوو. ئەوانە تەوەری سەرەکی بوون کە هەموو لایەک دەیانوسیت گوێبیستی بن. ئێمە جەختمان لە رۆڵی خۆمان کردەوە لە هەرێمی کوردستان کە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی دەبین لە ناوچەکە و ئەوەی پێمان بکرێ لە سووریا و عێراق دەیکەین، بۆ ئەوەی کە حکومەت زوو لە عێراق پێکبهێنرێت و هەروەها لە سووریاش هەر بەو شێوەیە، لە هەرێمی کوردستانیش ئێمە بەردەوام دەبین.
پرسی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی ئەم وڵاتانە ئەوەیە هەموویان دەیانەوێت هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر و بەهێز هەبێ لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی دا. ئەمە ئەو سیاسەتەیە و ئێمەش ئەو ئاستەنگانەی کە هەبوون لەگەڵ بەغدا و ئەو کێشانەی کە هەن، لەو کۆبوونەوانەدا باسمان کردوون. ئینجا بە سوپاسەوە چاوەڕێین بزانین کە ئێوە چ پرسیارێکتان هەیە.
پرسیار: ئەو لایانانەی لێرە لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، چ گەرەنتییەک دەدەن بە کورد و پرسەکانی رێککەوتنی هەسەدە و سووریا، هەروەها پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە چ قۆناخێکدان؟
نێچیرڤان بارزانی: یەکەمجار با باسی سووریا بکەین. بێگومان ئەو پڕۆسەیەی کە ئێستا لە سووریا هەیە، هەڵوێستی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئێمە پاڵپشتیی ئەم پڕۆسەیە دەکەین. ئەم پڕۆسە سیاسییەی کە ئێستا لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریادا هەیە، ئێمە دەمانەوێت لایەنە کوردییەکانی دیکەش وەک ئەنەکەسە بەشدار بن لەو گفتوگۆ سیاسییانەی کە ئێستا لەگەڵ دیمەشق دەکرێ.
ئێمە دەبێ واقیعبین بین، واتا ئەوەی کە هەیە. پێموایە رێککەوتنێکی خراپ نییە. بەپێی ئەو دۆخەی کە هاتووەتە پێش لە سووریا و ئەوەی کرا و ئەوەی کە دەتوانین بیکەین، بە بۆچوونی من، ئەوەی کە ئێستا هەیە رێککەوتنێکی باشە.
لەم رێککەوتنەدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە، لەگەڵ تورکیا، هەروەها جەنابی سەرۆک بارزانیش لەگەڵ سەرۆک شەرع بە بەردەوامی قسەی کردووە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەمانەوێت بەشێوەیەکی گشتی ئەم رێککەوتنە بە تەواوی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە.
ئەوەی کە ئێمە زۆر جەختی لەسەر دەکەینەوە ئەوەیە کە مافی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە پێویستە لە دەستووری سووریا لە داهاتوودا هەمووی جێگیر بکرێن و ئەمە گەرەنتییەکە بۆ ئەوەی هەموو لایەک هەست بە دڵنیایی بکەن، ئەوەی کە ئێمە مەبەستمانە و هەموو لایەکیش هان دەدەین کە رێککەوتن بکەن لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. ئەوە سیاسەتی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان.
بە نیسبەت مەسەلەی ئاشتی ئەوەی کە جەنابت پرسیارت کرد، پڕۆسەی ئاشتی؛ تاوەکو ئەم کاتەش من پێموایە ئەوەی کە دەیبینین، پڕۆسەیەکی زۆر جیدییە. تورکیا بە جیدی دەیەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. لەوانەیە پڕۆسەکە تۆزێک بە سستی بڕوات، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، هەموو لایەک پابەند بن بەوەی کە ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوو بێت. هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئێمە بە سوپاسەوە دەڕوانینە هەوڵی هەموو لایەک، بەتایبەتی دەوڵەت باخچەلی. ئەو هەوڵەی کە دەیدات لەم پرسەدا و هەروەها بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوەی کە ئێستا دەستیپێکردووە ئێمە هیوادارین بگاتە ئەنجام. (پەکەکە)ش روونە کە دەبێ چی بکات. دەبێ ئەو داواکارییانەی سەرۆک ئۆجەلان جێبەجێ بکات. ئێمە پشتگیری ئەم پڕۆسەیە دەکەین. دەستخۆشی و سوپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە بەشدارن و بێگومان لە سەرووی هەموویانەوە سوپاس و پێزانینمان بۆ جەنابی سەرۆک ئەردۆغان هەیە، کە خۆیشی پاڵپشتە کە ئەم پڕۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی باش.
پرسیار: پرسی سەرۆککۆمار کەی یەکلایی دەبێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: راستە پرسەکە چەقبەستووە وەک ئەوەی جەنابت باست کرد. ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ نزیکەی 10 رۆژ لەمەوپێش کۆبوونەوەیەکی زۆر باش لەنێوان جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێز کاک بافڵ کرا. کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو، کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بوو. راستە کۆبوونەوەکە دوای ماوەیەکی درێژ کرا، بەڵام دەستپێکردنێکی باش بوو. بەر لەوەی بێم بۆ میونشن، دیسان کۆبوونەوەیەکی دیکەی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ کرا، من لەوێ بووم، ئەو کۆبوونەوەیەش کۆبوونەوەیەکی باش بوو. من پێموایە راستە تاوەکو ئێستا ئێمە لەسەر هیچ خالێک رێکنەکەوتووین، بەڵام ئەوەی کە من دەتوانم بڵێم ئەوەیە، ئێمە بە ئاراستەیەکی دروست لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێک کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدا بێت.
پرسیار: بەڕێزتان هاوکار بوون بۆ ئەوەی مەزڵووم عەبدی بێتە ئێرە. دوای کۆبوونەوە گرنگەکانتان، پەیامی ئێوە بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان چییە؟ پرسیاری دیکەم ئەوەیە کە ئێوە بیری شام و حەلەبتان کردووە و دەتانەوێ سەردانیان بکەن. ئەو سەردانە کەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دووبارە بیری ئەوە شوێنانە دەکەین؛ بیری قامشلۆ دەکەین، بیری عەفرین دەکەین و بە دڵنیاییەوە ئەو بەرنامە هەیە کە ئەو سەردانە بکەین، بەڵام نازانم کەی. پەیامی ئێمە بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا ئەوەیە کە بە راستی ئەوەی بەسەر ئەواندا هات، پشتگیرییەکی گەورە لە هەموو کوردستانییان لە هەموو شوێنێک بۆ رۆژئاڤا دروستبوو. ئەوە جێگەی فەخر و شانازی هەر کوردێکە لە هەر شوێنێک ئەو پشتگیرییە ببینێت. ئێستا گرنگ ئەوەیە ئەو رێککەوتنەی کراوە، جێبەجێ بکرێ و ئینشاڵڵا ئاوەدانی و کەیفخۆشی و کاری زیاتر لە رۆژئاوای کوردستان دەبێت. من لێرە لەگەڵ زۆر کۆمپانیا و وڵاتان، تەنانەت ئەڵمانیا، قسەی ئێمە لەسەر ئەوە بوو کە کاتی ئەوەیە دوای ئەم رێککەوتنە دەست بە ئاوەدانی بکەین، دەست بە خۆشگوزەرانی بکەین. من ئومێدی کەیفخۆشی و سەلامەتی و سەرکەوتن بۆ خەڵکی خۆمان لە رۆژئاوا دەخوازم.
پرسیار: ئێمە دوێنێ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کرد و گوتی، دەیانەوێ سووریا سەقامگیر بێت و رێز لە مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە بگیرێ. بەڕێزتان کۆبوونەوەتان هەبووە لەگەڵ بەشێکی زۆری ئەورووپیەکان و ئەمریکییەکان. ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان هەیە بۆ پاراستنی مافی کورد لە رۆژئاوای کوردستان؟ هەروەها ئەورووپا ئامادەیە رۆڵێکی گەورەتر لە رووی سەربازی یان سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان بگێڕێ؟
نێچیرڤان بارزانی: بە بۆچوونی من، پشتگیری سیاسی هەیە. کەس باس لە پشتگیری سەربازی ناکات لەوێ. ئێمە پشتگیری لە بۆچوونێكی سیاسی دەکەین کە ئەو کێشانەی هەن لە چوارچێوەی سووریادا چارەسەر بکرێن. ئەوەی من لە وڵاتانی ئەرووپیش بینیم، هەڵوێستیان بەو جۆرەیە. ئەمانە دەبێت سەیری ئەوە بکەن.. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دیمەشق لەم پرۆسەیەدا چەند بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. پرسیاری دووەم ئەوەیە کە ئایا لایەنە کوردییەکان و هەسەدە و ئەوانیش چەندە ئامادەن ئەو رێککەوتنە (جێبەجێ بکەن). ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە کە لە رووی سیاسییەوە، چ ئەورووپا و چ ئەمریکا، کە بە راستی ئەمریکییەکانیش بە سوپاسەوە رۆڵێکی زۆر باشیان هەبوو، هەروەها جەنابی سەرۆک ماکرۆن کە رۆڵێکی جیدی هەبوو لەوەی کە ئەم رێککەوتنە بکرێ. ئێستا هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن لە چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە. ئەوەی گرنگە لە رووی سیاسییەوە بریتییە لە چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە. دووبارە دەڵێم رێککەوتنەکە بە پێی ئەو واقیعەی دروستبوو لە رۆژئاوا، رێککەوتنێکی خراپ نییە؛ رێککەوتنێکی باشە. ئێمە نەمانگوت هەموو مافەکانی ئێمە لە دوای ساڵی 2005 لە دەستووری عێراقدا هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری مافەکانیشمان لەوێدا هەبوون. ئەو رێککەوتنەش لەبارەی رۆژئاوای هەیە، دەکرێ هەمووی تەواو نەبێت و بە دڵی ئێمە نەبێ، بەڵام بۆ ئەو دۆخەی کە لەوێ بوو، من پێم وایە ئەمە دەستکەوتێکە کە ئێمە وەک کورد دەبێ لە هەموو شوێنێک پشتگیری بکەین و دەبێ هەوڵێکی جیدیش بدەین کە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێ.
رووداو: ئاڵا شاڵی لە رووداو، جەنابی سەرۆک زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەڕێزتان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە، لەگەڵ بەرپرسانی جیهان کۆبوونەوە، ئایا ئێستا دەرفەت بۆ سەقامگیری و ئۆتۆنۆمی لە رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریا هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە بەڵێ دەرفەت هەیە. دەرفەتی چارەسەر هەیە، بەڵام ئەو شێوازەی ئەوان دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکەن، پێموایە دەبێ بۆ خۆیانی جێبهێڵین. واتا بۆ لایەنە کوردییەکان، لەگەڵ دیمەشق. کاتێک دەڵێم لایەنە کوردییەکان؛ مەبەستم هەسەدە و ئەنەکەسەیە و هەموو ئەوانە. بۆ ئەوەی بزانرێت دەگەن بە چ شێوازێک. ئەگەر پرسیارەکە بەمشێوازە بێ کە ئایا ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمانە دەکرێ رێک وەکو خۆی لە سووریا هەبێت؟ ئەمە زەحمەتە و ئاسان نییە، چونکە جوگرافیایەکی لەمشێوەیە لە سووریا نییە. پێکهاتەکان جیاوازن، نەک تەنیا کورد، دەبێ پێکهاتەکانی دیکەش رازی بکرێن. بەڵام ئەوەی کە ئێستا هەیە، بۆ نموونە سەرۆک شەرع مەرسوومی بۆ پارێزگاری حەسەکە دەرکردووە. من پێموایە پارێزگاری حەسەکە گرنگە، چونکە حەسەکە شارێکە کورد و عەرەبیشی هەیە. ئێستا بۆ لایەنی کوردی کە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەمە پارێزگاری تەواوی پێکهاتەکانی حەسەکەیە. ئەمە دەرفەتە، ئەگەر ئەو بتوانێ خزمەتی کورد، عەرەب و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەش بکات، تەواوی خەڵکەکە بەرگریی لێ دەکەن. بەڵام ئەمانە هەموویان پێویستیان بە گفتوگۆیەکی رێکوپێکە. ئێمە لەگەڵ جەنابی کاک مەزڵووم عەبدی و ئەوانی دیکەش قسەکەمان ئەوەیە؛ ئێوە دەبێ لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن. سووریا پایتەختی ئێوەیە، ئێوە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سووریا و هەوڵی جیدیش بدەن، هەروەها ئەو کێشانەی هەن، لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە. ئەمە سیاسەتی ئێمەیە، ئەم گوتانەشمان لە ئەنجامی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە. ئێمە ئەمانەیان پی دەڵێین، بێگومان ئەو خۆشی لە میونشن بەشدار بوو، پێشم وایە کە وردە وردە خەریکە بەو ئاراستەیە دەڕوا.
پرسیار: لە دوو رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەتان کرد، لەنێویاندا مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی قسەمان کرد، گوتی: هیچ شتێکی روون نییە و پێناسەکان وەکو خۆی ناکرێن. پێتانوایە قەیرانی درێژخایەن لەپێشە؟ پێشنیازتان چییە بۆ داهاتوو لەبارەی پرسی سووریا؟
نێچیرڤان بازرانی: لێرە یەک شت گرنگە، ئایا نیازی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەیە؟ بەڕای من و ئەوەی لە وەزیری دەرەوەی سووریا، بەرێز شەیبانی گوێم لێبوو، هەروەها ئەوەی لە فەخامەتی سەرۆککۆماری سووریاس گوێمان لێ دەبێ ئەوەیە کە دەیانەوێ ئەم کێشانە چارەسەر ببن. هەموو ئەمە دوو سێ هەفتەیە ئەم رێککەوتنە کراوە، ناتوانین بڵێین هەموو شتێک ئێستا جێبەجێ دەکرێ، بەڵێ کێشە هەیە، لەوانەیە کێشەی زیاتریش بێتە پێش. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە ئایا نیاز هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟ بەڕای من، بەڵێ ئەو نیازە دەبینین، لە دیمەشق هەیە و بە دڵنیاییەوە لەلایەن کوردیشەوە ئەم نیازە هەیە. بەڵێ گرنگە جێبەجێ بکرێت و رۆڵی ئێمەش یارمەتیدان دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەوانە لە یەکدی نزیک بکەینەوە و بگەن بە چارەسەر.