ماکرۆن بۆ مەزڵووم عەبدی: ئێوە شەڕڤانی ئازادین و قەرزاری ئێوەین
رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی یەکەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە دیدارێکی دۆستانە و گەرمدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پشتگیریی بێمەرجی وڵاتەکەی بۆ هێزە کوردییەکان دووپات کردەوە و ئەوانی بە "شەڕڤانانی ئازادی" وەسف کرد.
ماکرۆن لە گفتوگۆکەیدا کە ڤیدیۆکەی بڵاوبووەتەوە، روو لە مەزڵووم عەبدی دەکات و دەڵێت: "دەتوانیت پشت بە من ببەستیت، خۆت دەزانیت." سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئاگاداری وردەکاریی ئەو گفتوگۆ سەختانەیە کە لە نێوان هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بەڕێوەچوون، جەختیشی کردەوە، مەزڵووم عەبدی لەو سازشانەی کردوویەتی، لەسەر حەق بووە.
یەکپارچەیی سووریا و مافی کورد
سەرۆکی فەرەنسا تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ داهاتووی سووریا روون کردەوە و رایگەیاند، پاریس بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییەکەی دەکات، بەڵام گوتی: "بەرگریی لەوەش دەکەم کە دەبێت رێز لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەتایبەت کورد بگیرێت و بەشداریی کارایان پێ بکرێت."