مارکۆ روبیۆ: ترەمپ دوو جار تەلەفۆنی بۆ شەرع کرد و پێی گوت 'شەڕ رابگرە'
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وردەکاری لەبارەی هەوڵی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دووجار پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە کرد بۆ راگرتنی شەڕ. مارکۆ روبیۆ گوتی، شەرع شەڕی راگرتووە بەرامبەر کورد و دەبێ بەردەوام بێت لەو شەڕ راگرتنە.
رێگری لە هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش
رۆژی یەکشەممە 15-02-2026 روبیۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا گوتی: "کاتێک ئاڵۆزییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستیان پێکرد، سەرۆک ترەمپ بە شەرعی گوت، شەڕ رابگرە تاوەکو بتوانین زیندانییانی داعش لەوێ بگوازینەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر ئەو هەزاران زیندانییە هەڵاتبان، کارەسات و پشێوییەکی گەورەیان دروست دەکرد، بەڵام توانرا 4,000 تاوەکو 5,000 چەکداری داعش بگوازینەوە بۆ عێراق و مەترسییەکەیان لەسەر ئەمریکا و ناوچەکە دووربخرێتەوە.
تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شەرع، رەخساندنی کات بوو بۆ کارکردن لەسەر "تێکەڵکردنی کورد لەنێو هێزە نیشتمانییەکانی سووریادا".
مارکۆ روبیۆ گوتی شەرع شەڕی راگرتووە بەرامبەر کورد و دەبێ بەردەوام بێت لەو شەڕ راگرتنە " وەک دەزانن، شەرع ئەمەی کرد. ئێستا، ئەو تاوەکو ئەم ساتە لەسەر بەڵێنەکەی ماوە. بێگومان، دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەوە".
ئایندەی سووریا؛ رێککەوتن یان پارچەپارچەبوون؟
مارکۆ روبیۆ گوتی، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ئاسان نابێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک دروز، عەلەوی و هەموو توێژە جیاوازەکان بگاتە رێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە گەشبینییەوە سەیری ئەنجامەکانی کرد و گوتی: "ئەم دۆخە هەرچەندە سەخت بێت، زۆر باشترە لەوەی سووریا ببووایە 8 پارچە و شەڕی ناوخۆیی و کۆچی بەکۆمەڵ بەردەوام بووایە".