ئەڵمانیا: کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و یۆهان ڤادهفول جەختکردنەوەیە لە هاوئاهەنگییەکانی نێوانمان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت کردنەوەیە لە هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا. دەشڵێت، پێزانینیان بۆ هەموو ئەو هەوڵانە هەیە کە بۆ ئاگربەست و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نراون.
رۆژی یەکشەممە، 15ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا، د. یۆهان ڤادهفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دەشڵێت، "کۆبوونەوەکە باش بووە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە "جەخت لە هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەکاتەوە". گوتیشی، "ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەوڵانەی دراون بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بۆ پەرەپێدانی دیالۆگ و دابینکردنی رێڕەوی مرۆی" لەو ناوچانە.
8ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە کوردییەکانی حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. رۆژی 29ی هەمان مانگ، هەردوولا ئاگربەستیان کرد.
بۆ سەرخستنی پڕۆسە و جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان کرد، لەوانە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگيرى و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا له بواره جياكاندا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دووپات کردەوە".
هەروەها، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا "ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەری سەقامگیری له ناوچهكهدا"، ههروهها پابهنديى وڵاتهكهى بۆ بهردهواميى پشتگیری له ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشان دا، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
دوايين پێشهاتهكانى رۆژههڵاتى نێوهڕاست و لێكهوتهكانى، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.