وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ مەزڵووم عەبدی: پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی ئاگربەست دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە. دەشڵێت، ئەڵمانیا پاڵپشتی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 15ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی سێیەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا د. یۆهان ڤادهفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە نووسیویەتی، "ئەڵمانیا پاڵپشتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی (ئاگربەستی) 29ی کانوونی دووەم لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکات". دەشڵێت، هانی لایەنەکان دەدەن جێبەجێی بکەن بۆ "ئاشتی و ئاسایش" لە سووریا.
8ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە کوردییەکانی حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. رۆژی 29ی هەمان مانگ، هەردوولا ئاگربەستیان کرد.
بۆ سەرخستنی پڕۆسە و جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان کرد، لەوانە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.