کەنەدا: پێداچوونەوە بۆ تیکتۆک دەکەین و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆژیای کەنەدا دەڵێت، پێداچوونەوەیەکی ئەمنی بە ئەپی تیکتۆکدا دەکەن و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن.
رۆژی هەینی، 15-03-2024، فرانسوا فیلیپ شامپەین، وەزیری پیشەسازی، زانست و تەکنەلۆژیای کەنەدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتاکانی لە کۆمەڵەی G7 لە ئیتاڵیا گوتی، "پێداچوونەوەیەکی ئەمنیی نیشتمانی بۆ تیکتۆک دەکەین. کاتێك پێداچوونەوەکە تەواو بوو، کەنەدییەکان لەو هەنگاو و بڕیارانەی لەبارەی تیکتۆکەوە دەمانبن ئاگادار دەکەینەوە."
بەگوێرەی شامپەین، دەستپێشخەریی پێداچوونەوە ئەمنییەکە لە ئەیلوولی 2023ـەوە پێشکێشکراوە.
لە دەستپێشخەرییەکەدا هاتووە، "هەر میدیایەکی دیجیتاڵی ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە یان شێواندنی زانیارییەکان کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی کەنەدییەکان بگەیەنێت، دووچاری کەمکردنەوە یان تەنانەت قەدەخەکردن دەبێتەوە."
ئەم هەنگاوەی کەنەدا لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 13-03-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 352 دەنگی 'بەڵێ' بەرامبەر بە 65 دەنگی 'نەخێر'، پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی تیکتۆکی پەسندکرد.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەی ئەمریکا، "دەبێت تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەڕێوەببرێت، نەوەک چینی، ئەگەرنا بەکارهێنانی ئەو ئەپە لە ئەمریکا قەدەخە دەکرێت."
ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن مایک گالاگێر و راجا کریشنامۆرتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە ئامادەکرابوو و تێیدا هاتووە، "تیکتۆک، ئەپێکی چینییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا. دەکرێت تیکتۆک کاریگەری لەسەر رای گشتی ئەمریکا هەبێت و بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکەوە بەکاربهێنرێت."
تیکتۆک لە جیهاندا نزیکەی دوو ملیار و 51 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە. ئەپەکە لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
کەنەدا لە شوباتی 2023ـەوە ئەپی تیکتۆکی لەسەر مۆبایلی کارمەند و ئەندامانی حکومەتی فیدراڵیی کەنەدا قەدەخەکردووە.
دوێنێ پێنجشەممەش بەرپرسانی ئیتاڵیا بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی نەشیاو" و "شکستهێنان لە پاراستنی منداڵان"، تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکیان بە 10 ملیۆن یۆرۆ سزا دا.