دۆخی کۆچبەرانی کورد لە دانیمارک؛ 'ژمارەیان 60 بۆ 70 هەزار کەسە'
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی دانیشتووانی دانیمارک زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسن. بەپێی راپرسییەکان، دانیمارکییەکان بەختەوەرترین گەلی جیهانن، بەهۆی ئەو خزمەتگوزاری و شێوازە ژیانەی حکومەت بۆی دابینکردوون، هەروەها بوونیان لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهاندا و چەندین هۆکاری دیکەش. لەو بەهەشتەی باس دەکرێت بە هەزارن کورد تێیدا دەژین، ئایا ئەو کوردانەش هەمان ئەو بەهەشتەیان هەیە و دۆخی دیاسپۆرای کوردی ئەو وڵاتە چۆنە؟
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا، لە بەرنامەیەکی مەیدانیدا سەردانی کۆپنهاگنی پایتەختی ئەو وڵاتەی کردووە و لەگەڵ پێنج گەنج و چالاکوان و کەسایەتیی دیاریی نێو دیاسپۆرای کوردی ئەو وڵاتە گفتوگۆی کردووە.
"کورد لە دانیمارک چالاکن، بەڵام زۆر بەهێز نین"
سەرەتا عەدنان ئاغاجان، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردی دانیمارک، کە مامۆستای قوتابخانەیە و ماوەی 38 ساڵە لە دانیمارک دەژی، هەروەها کەسایەتییەکی چالاکە لە بواری دۆزی کورد لە دانیمارک، رایگەیاند، کورد لە دانیمارک چالاکن، بەڵام زۆر بەهێز نین، گوتیشی، "پێش 37 ساڵ هاتمە دانیمارک و گوتم کوردم، گوتیان کورد چییە؟ بەڵام پێموایە ئێستا هیچ دانیمارکییەک نییە نەزانێت کورد کێن."
ئاغاجان گلەیی لە دیاسپۆرای کوردی دانیمارک کرد و گوتی، "دەبوایە کوردی دانیمارک لەنێو پارتە سیاسییەکان چالاک بن، پەرلەمانتاریان هەبوایە و هەروەها ببوونایەتە دەنگێکی کاریگەر بەسەر سیاسەتی وڵاتەکەوە."
"رۆڵی دیاسپۆرای کورد لە دانیمارک بەهێز و گەورە نییە"
دەنیز بەرخوەدان سەرنجی، خەڵکی چۆرۆمی باکووری تورکیایە و لە دایک و باوکێکی کوردی باکووری کوردستانە، لە دانیمارک لەدایکبووە و ئێستا نووسەر و رۆژنامەڤانە لەو وڵاتە، خاوەنی 11 پەرتووکە بە زمانی دانیمارکی و لە ماڵپەڕێک کار دەکات کە هەواڵی کورد و کوردستان بە زمانی دانیمارکی بڵاو دەکاتەوە، لەبارەی پێگەی دیاسپۆرای کوردی دانیمارک گوتی، "رۆڵی دیاسپۆرای کورد لە دانیمارک بەهێز و گەورە نییە، لە کاتێکدا نزیکەی 50 هەزار کورد لە دانیمارک دەژین، پێشتر سێ کورد ئەندامی پەرلەمانی دانیمارک بوون، بەڵام ئێستا بایەخەکە کەمتر بووەتەوە."
"ژمارەی کورد لە دانیمارک لەنێوان 60 بۆ 70 هەزار کەس دەبن"
عەدنان ئاغاجان کە نزیکەی چوار دەیەیە لە دانیمارک دەژی و لەو کاتەی ئەو رووی لەو وڵاتە کردووە، ژمارەی کورد لەوێ زۆر کەمبوون، لەوبارەیەوە دەڵێت، "زۆربەی کوردی دانیشتووی دانیمارک کوردی ئەنادۆڵن و لە ساڵانی شەستەکان وەکو کرێکار هاتوونەتە دانیمارک و ماونەتەوە، دواتر ماڵ و منداڵەکانیان هێناوە، بەڵام کوردی باشووری کوردستان کە لەدوای باکوور زۆرترینن، لەدوای جەنگی نێوان عێراق - ئێران هاتوونەتە دانیمارک، کوردی رۆژئاواش دوای هاتنی داعش، هەروەها کوردی رۆژهەڵاتیش کەمترینن لەنێو کوردی دانیمارکدا."
ئاغاجان لەبارەی نەبوونی ئامارێکی فەرمیی کوردی دانیمارک گوتی، "بە گشتی ئەو کوردانەی هاتوونەتە دانیمارک بە کوردستانی نەنووسراون، بەڵکو بە عێراقی، ئێرانی، سووری یان تورکی نووسراون، بەڵام بەپێی داتا نافەرمییەکان، ژمارەی کورد لە دانیمارک لەنێوان 60 بۆ 70 هەزار کەس دەبن."
"لە دانیمارک منداڵانی کورد فێری زمانی کوردی ناکرێن"
مهاباد کەریم، ژنێکی چالاکە و پەروەردەکاری گەشەی مرۆییە، هەروەها لە سۆشیاڵ میدیا چالاکە و بە دروستکردنی کورتە ڤیدیۆی پەروەردەیی هاوکاریی پەروەردەکردنێکی باشتر دەکات. لەبارەی ئەوەی بۆچی دایک و باوکان لە دانیمارک وەکو پێویست منداڵەکانیان فێری زمانی دایک ناکەن، لە کاتێکدا وڵاتەکە خاوەنی یەکێک لە باشترین سیستمەکانی پەروەردەیە لە جیهاندا، گوتی، "منداڵی کورد وەکو هەر منداڵێکی دانیمارکی چانسی هەیە بەختەوەر بژی و باشترین پەروەردەی بۆ فەراهەم کراوە، کە پەروەردەکردنەکە زۆر جیاوازە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لەنێو خوێندنی دانیمارکدا گرنگی زۆر بە زمانی دایک نادرێت، جا هەر نەتەوەیەک بێت، واتە ئەو هەلە نییە منداڵ لە دانیمارک فێری زمانی کوردی ببن و وانەی کوردی بۆ منداڵانی کورد نییە، ئەمەش لە کاتێکدا وەکو سیستم پەروەردەی ئەسکەندەناڤیا لە لووتکەی پەروەردەی جیهانیدایە، بەڵام لەو رووەوە کەموکوڕیی هەیە، بۆیە پێویستە دایک و باوکان لە ماڵەوە منداڵەکانیان فێری کوردی بکەن، بۆ نموونە کچەکەم بە کوردییەکی جوان و باش قسە دەکات."
"هاوژینەکەم دانیمارکییە، بەڵام منداڵەکانم کوردی باش دەزانن"
عەدنان ئاغاجان دەڵێت، "خێزانەکەم ژنێکی دانیمارکییە، بەڵام منداڵەکانم تەنیا بە هەوڵی خۆیان زۆر باش فێری زمانی کوردی بوونە." دەشڵێت، "لە هەر شارەوانییەکی گەورەی دانیمارک 12 خوێندکار هەبن و داوای فێربوونی زمانی دایک بکەن، ئەوا پۆلیان بۆ دەکرێتەوە."
"دایک و باوکی کوردی نازانن، بەڵام خۆی مامۆستای زمانی کوردییە"
دەنیز سەرنجی لەدایکبووی دانیمارکە و دایک و باوکی زمانی کوردییان نەزانیوە، تەنانەت یەک وشەشیان فێری کوڕەکەیان نەکردووە، بەڵام ئێستا ئەو خەڵک فێری زمانی کوردی دەکات، دەنیز هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ شڤان پەروەر و دەڵێت، "گۆرانییەکانی شڤان پەروەر کاریگەریی بەسەر منەوە هەبوو تاوەکو فێری کوردی ببم، کاتێک تەمەنم 15 ساڵ بوو، یەک وشەی کوردیم نەدەزانی، دواتر لەڕێگەی گوێگرتن لە گۆرانییەکانی شڤان پەروەر و پاشان خوێندن، ئیدی بە باشی فێربووم، ئێستا دەتوانم پەرتووک بە زمانی کوردی بنووسم و خەڵکیش فێری زمانی کوردی دەکەین."
"دانیمارکییەکان ئێمە بە کوردستانی لە قەڵەم نادەن"
دڵنیا پیری 10 ساڵە لە دانیمارک دەژی و خەڵکی کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، تەنیا ساڵێکی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنراوی پەروەردەیی، باسی لەوە کرد، "دانیمارکییەکان دەزانن کوردستان لە کوێیە و کورد کێن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کاتێک ئێمە دەچینە ئەو وڵاتەوە و داوا دەکەین بە کورد لە قەڵەممان بدەن، یاساکانیان رێگە نادەن و ناچارن بە عێراقی، ئێرانی، سووری یان تورکی ناونووسمان بکەن."
"یاسا تووندەکەی کۆچبەری پەیامێکە بۆئەوەی کۆچبەر روونەکەنە دانیمارک"
جەواهیر محەممەد، دانیشتووی دانیمارک، ئێستا خوێندکاری قۆناخی کۆتاییە لە پەروەردەدا. ئەو خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی نۆ ساڵە لە دانیمارک دەژی؛ کاری خۆبەخشی بۆ هاونیشتمانییانی خۆی دەکات لە دانیمارک و بەتایبەتی ئەو کۆچبەرانەی بە دەردەسەری و زەحمەتیی زۆرەوە دەگەنە ئەو وڵاتە و بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕێن، دەڵێت، "راستە هەموو ئەو کوردانەی خاوەنی وڵاتینامەی دانیمارکن دڵخۆشن، بەڵام خەڵکی زۆریشی تێدایە دڵخۆش نییە، بەتایبەتی کۆچبەران، کۆچبەر هەیە 10 ساڵە لە کەمپەکاندایە و نازانێت چارەنووسی چییە، ئەمە چ دڵخۆشییەکی هەبێت، هۆکارەکەشی ئەو یاسا تووندەیە کە هەیەتی و بەرامبەر بە کۆچبەران بەکاریدەهێنێت و تووندیی یاساکەش بۆ ئەوەیە کۆچبەر روونەکەنە دانیمارک."
"دانیمارک لە 2015 رایگەیاندووە کۆچبەر وەرناگرێت"
دڵنیا پیری پێیوایە دانیمارک کۆمەڵێک پارێزراوی هەیە بۆئەوەی رێگەی بە هاتنی کۆچبەران نەدات، ئەو دەڵێت، "دانیمارک وڵاتێکی بچووکە لەڕووی رووبەرەوە، نایەوێت ببێتە وڵاتێکی جەنجاڵ، دووەم دانیمارکییەکان زۆر سوورن لەسەر نەگۆڕین و تێکنەچوونی کولتوور و دابونەریتیان، بۆیە نایانەوێت بە هاتنی کۆچبەران ئەو کولتوورەیان بگۆڕێت، هەروەها نایەوێت ئەو دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانییەی هەیانە، بەهۆی کۆچبەرانەوە لەدەستبدات؛ بۆیە لە ساڵی 2015وە رایگەیاند، کۆچبەر وەرناگرێت. ئەوانەی لەوێشن هەوڵبدەن تێکەڵ بە کۆمەڵگەیان بکەن و ئیدی دەرگای کۆچبەریان داخست."
دانیمارک یەکێکە لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و دەکەوێتە ناوەڕاستی باکووری ئەوروپا و رووبەڕەکەی 42 هەزار و 933 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و 86%ی دانیشتووانەکەی دانیمارکین و 14%یش کۆچبەرن، لە کاتێکدا تەنیا 5 ملیۆن و 800 هەزار کەس لەو وڵاتە دەژین، بەڵام داهاتی ساڵانەی 370 ملیار دۆلارە و داهاتی تاکە کەسیش زیاتر لە 63 هەزار دۆلارە.