پارێزەری دیموکراسی کۆچی دواییکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن هابرماس، کە وەکو کاریگەرترین فەیلەسوفی زیندووی جیهان و پێشەنگی بیری مۆدێرنیتە دەناسرێت، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
هابرماس کە بە "ئەندازیاری بیرۆکەی گفتوگۆ" ناسراوە، لە دوایین دەرکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی بەها دیموکراسییەکان و سەروەریی یاسا کردووەتەوە، لە سەردەمێکدا کە پۆپۆلیزم و تووندرۆیی خەریکە جیهان دادەپۆشن.
 
ئەم بیرمەندە گەورەیە کە نوێنەرایەتیی نەوەی دووەمی "قوتابخانەی فرانکفۆرت"ی دەکرد، بە درێژایی ژیانی هەوڵیداوە فەلسەفە لە ژوورە داخراوەکانەوە بهێنێتە نێو "کایەی گشتی،" بڕوای وابوو تەنها لەڕێگەی گفتوگۆیەکی ئازاد و بێ گوشارەوە مرۆڤایەتی دەتوانێت لە قەیرانەکان رزگاری بێت.
 
ناوەندە زانستییەکانی ئەڵمانیا و جیهان، هابرماسیان بە "ویژدانی بێداری ئەورووپا" وەسف دەکرد، چونکە هەمیشە دژی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و چەوسێنەر وەستاوەتەوە.
 
یۆرگن هابرماس لە 18ی حوزەیرانی 1929، لە دوسێلدۆرف، ئەڵمانیا لەدایکبووە، نەوەی دووەمی قوتابخانەی فرانکفۆرت (تیۆریی رەخنەیی) بووە پسپۆڕی فەلسەفە، کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان بووە.
 
هابرماس پێی وایە دیموکراسی تەنها سندوقی دەنگدان نییە، بەڵکو بوونی شوێنێکە (میدیا، کافتریا، ناوەندەکان) کە تێیدا خەڵک بە ئازادی گفتوگۆ لەسەر کێشەکان دەکەن و کاریگەری لەسەر دەسەڵات دروست دەکەن.
 
کردەی پەیوەندیی یەکێکە لە تیۆرییە هەرە بەنێوبانگەکانی؛ تێیدا دەڵێت، مرۆڤەکان دەبێت لەڕێگەی "زمان" و "لێکتێگەیشتن"ەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن نەک لە ڕێگەی هێز و سەپاندنی ئیرادە.
 
بە پێچەوانەی پۆست-مۆدێرنەکان، هابرماس پێی وایە مۆدێرنیتە و عەقڵانییەت شکستیان نەهێناوە، بەڵکو هێشتا ماویانە بگەنە ئامانجی کۆتایی کە ئازادی و دادپەروەرییە.