درۆنە هەرزانەکان هاوسەنگیی جەنگی جیهانییان گۆڕی؛ تاران چۆن ئەمریکای شڵەژاند؟
رووداو دیجیتاڵ
درۆنە هەرزانەکان کە بە کۆمەڵ بەرهەم دەهێنرێن، بۆ هەمیشە شێوازی جەنگیان گۆڕیوە. چیدیکە گەورەیی سوپاکان گەرەنتیی سەرکەوتن نییە، بەڵکو هەر وڵاتێک یان گرووپێکی چەکدار دەستی بە پارە و پارچەی بازرگانی بگات، دەتوانێت زیانی کوژەر و خەیاڵی لە بەرامبەرەکەی بدات.
درۆنی "شاهید"ی ئێرانی، کە تێچووەکەی لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار دۆلارە، بووەتە گەورەترین چەکی تاران بۆ هاوسەنگکردنی هێز. ئەم درۆنە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار کردووە بە مووشەکی بەرگریی وا وەڵام بدەنەوە کە تێچووی هەر دانەیەکیان ملیۆنان دۆلارە.
تەنیا لە هەفتەی یەکەمی جەنگدا، تاران نزیکەی دوو هەزار درۆنی بە بنکەکانی ئەمریکا و ئامانجە هاوپەیمانەکانی لە 12 وڵاتی جیاوازەوە نا، کە فڕۆکەخانەکان، هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان و ژێرخانی نەوتی کەنداویان پێکا.
لە 1ی ئاداری 2026، درۆنێکی ئێرانی توانی سیستمە بەرگرییەکان تێپەڕێنێت و بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە کوێت بپێکێت، کە بووە هۆی کوژرانی 6 سەربازی ئەمریکی. سەرچاوەیەک لەمبارەیەوە بە تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی راگەیاندووە: "ئێمە بە کردەیی هیچ توانایەکمان بۆ تێکشکاندنی درۆنەکان نەبوو."
لە تارانەوە بۆ واشنتن؛ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا
درۆنی شاهید، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە گۆڕەپانەکانی دیکە تاقی کرابووەوە. رووسیا هەزاران دانەی لە ئێران هاوردە کرد و کارگەیەکی گەورەی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنێکی هاوشێوە بە ناوی"گێران" دروستکرد تاوەکو هێرشی پێ بکاتە سەر ئۆکراینا.
حووسییەکانی یەمەنیش جۆری "وەعید"یان بەکارهێنا و بۆ ماوەی دوو ساڵ گەشتی دەریاییان لە دەریای سوور پەکخست.
تەنانەت ئەمریکاش هەمان تەکنەلۆژیای بەکارهێنایەوە و وەشانی "لوکاس"ـی لە درۆنی شاهیدی ئێرانی کۆپی کردووە و ئێستا دژی ئێران بەکاری دەهێنێتەوە. ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەم مانگەدا بە پەیامنێرانی گوت: "ئێمە درۆنەکەمان گرت، هەموو ناوەوەیمان دەرهێنا، ناردمانەوە بۆ ئەمریکا و نیشانەی 'دروستکراوی ئەمریکا'مان لێدا، ئێستا بەرەو ئێرانییەکان دەیهاوێژینەوە."
کووپەر جەختی کردەوە کە ئەم درۆنانە "پێویستییەکی حەتمین."
ئۆکراینا؛ مامۆستای جەنگی درۆنەکان
ئۆکراینا، کە چوار ساڵە دژی درۆنە ئێرانییەکان دەجەنگێت، ئێستا بووەتە شارەزاترین وڵاتی جیهان لە رێگریکردن لێیان.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، هەشت مانگ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران، ئۆکراینا پێشنیازی دابینکردنی تەکنەلۆژیای دژە درۆنی بۆ واشنتن کردبوو، بەڵام ئیدارەی تڕەمپ رەتیکردەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران، ئەمریکا هەڵوێستی گۆڕی و ئێستا پسپۆڕانی ئۆکراینی لە ناوچەی کەنداو جێگیر کراون بۆ راهێنانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
هەروەها، ئەمریکا بە خێرایی 10 هەزار درۆنی بەرگریی لە جۆری "مێرۆپس" رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە. ئەم درۆنانە بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن و تێچووی هەر دانەیەکیان تەنیا 14هەزار دۆلارە، کە هەرزانترە لەو "شاهید"ەی کە بۆ لەناوبردنی دروستکراوە.
پێنتاگۆن دەڵێت ئێستا هێرشە درۆنییەکانی ئێران بە رێژەی 95٪ کەمیان کردووە.
ئۆلێگ رۆگینسکای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تەکنەلۆژیای بەرگریی "یو فۆرس" بە ئاکسیۆسی راگەیاند، ئەم درۆنە هەرزانانە تەنیا سەرەتان.
ئەو دەڵێت،گۆڕەپانی جەنگی ئەمڕۆ درۆنی دەریایی، ئاسمانی و رۆبۆتی زەوینی تێدایە کە هەموویان بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن.