ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە واشنتن بەشداریی پێشبڕکێیەک دەکەن و هەوڵی بردنەوەی نازناو دەدەن

 
رووداو - واشنتن

دانیشتنێکی ئەزموونی کە هاوشێوەی دادگەی نێودەوڵەتییە، لە واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. گرووپێکی خوێندکارانی بەشی یاسا لە باشووری کوردستانەوە بەناوی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو پێشبڕکێیەدا بەشدارن و هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوی پێشبڕکێکە دەدەن، کە بە جێسەپ ناسراوە.
 
کەریم سامان، خوێندکار دەڵێت، "جێسەپ بەشێکە لە ئای ئێڵ ئێس ئەی، کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی خوێندکارانی یاسا، رێکخراوەکە ئەو پێشبڕکێیە رێکدەخات، ساڵانە بانگهێشتی هەموو زانکۆکان دەکەن کە ناویان بنووسن بۆ پێشبڕکێکە، کە نزیکەی مانگی نۆ دەکرێت، ئێمەش وەکو زانکۆی ئەمریکی، ئەمە سێیەم جارە بەشدار دەبین، لە مانگی شووباتیش پێشبڕکێیەکی نێوخۆییمان کرد، لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان، لەگەڵ سێ زانکۆی دیکە، بردمانەوە و سەرکەوتین بۆ قۆناخی نێودەوڵەتی کە ئێستا لێرە لە واشنتن بەڕێوەدەچێت."
 
ئەم پێشبڕکێییە بە چەند قۆناخێک دەستپێدەکات و سەرەتا لەسەر ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکان لەنێوان زانکۆکاندا پێشبڕکێ دەکرێت، دواتریش براوەی ئەو زانکۆیە دەبێتە نوێنەری وڵاتەکە و دەچن لە واشنتن کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دەکەن.
 
پێشبڕکێکە رەهەندێکی تەواو زانستیی هەیە و بەشداربووان فێری ئەوە دەکات کە چۆن لە دادگە نێودەوڵەتییەکاندا بەرگری لە کەیسێک بکەن یانیش لە دژی کەیسێک بوەستنەوە.
 
مارک لۆوز، سەرۆکی بۆردی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی خوێندکارانی یاسا دەڵێت، "جێسەپ یەکێکە لە گەورەترین ئەزموونەکان کە هەر خوێندکارێک دەتوانێت بیبینێت کە هێشتا لە زانکۆیە، جێسەپ گەورەترین پێشبڕکێی دادگایی یاسای نێودەوڵەتییە کە خوێندکارانی بەشی یاسا لە سەدان زانکۆ لە نزیکەی 100 وڵات بەیەکەوە کۆدەکاتەوە، تاوەکو لەبەردەم لیژنەیەکی دادوەران پێشبڕکێ بکەن، کە خوێندکارەکان گفتوگۆ لەسەر پرسێکی یاسایی نێودەوڵەتی دەکەن."
 
ئەو کەیسانەی لەم پێشبڕکێیەدا کاریان لەسەر دەکرێت، کەیسی دروستکراون، بەڵام بیرۆکەیان لە کەیسە راستەقینەکانی وەکو ململانێی نێوان وڵاتان، شەڕ و پێشێلکارییە نێودەوڵەتییەکان وەرگیراوە.
 
خوێندکارانی بەشداربوو بۆ چەندین مانگ خۆیان ئامادە دەکەن و دواجاریش لە واشنتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، ئەوەش وادەکات ئەزموونێکی زۆر لەبارەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و چۆنێتی کارکردنی دادگە نێودەوڵەتییەکانەوە فێربن.
 
شیاو بورهان، خوێندکاری بەشداربوو ئاماژە بەوە دەکات، "لێرە پێشبڕکێیەکی یاسایی نێودەوڵەتییە، ئەزموونێکی زۆر زۆر باشە بۆ ئەو قوتابیانەی کە یاسا دەخوێنن لە وڵاتی خۆمان لە کوردستان و لە عێراق بەگشتی، ئەمساڵ وەکو زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەشداریمان کردووە، بەرامبەر بە زانکۆ گەورەکانی جیهان دەوەستینەوە، وەکو کامبریج و هارڤارد، ئەزموونێکی زۆر زۆر باشە و زۆر شت فێربووین."
 
یەکەمین پێشبڕکێی جێسەپ لە ساڵی 1968 بەڕێوەچووە و ساڵانەش پێشبڕکێکە بە بەشداریی دەیان وڵات بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش نوێنەری نزیکەی 100 وڵات، لەنێویاندا هەرێمی کوردستانیش، بەشدارییان کردووە و پێشبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە.