لە عومان 12 کەس لە لافاودا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە عومان بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان قوتابین، تیمەکانی بەرگریی شارستانی وڵاتەکە بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێن.
راپۆرتە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن نۆ قوتابی قوتابخانەکان و سێ کەسی دیکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان بەهۆی لافاوەکەوە خنکاون. بەپێی ئاژانسی فەرمیی عومان، پێنج کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
تائێستا تەرمی منداڵێک و چوار کەسی دیکە دۆزراونەتەوە و هێزەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکانی دیکە.
لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران، کە بایەکی بەهێزیشی لەگەڵە لە چەند ناوچەیەکی باکوور و رۆژهەڵاتی عومان لافاوی دروستکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردەی عومان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا دەرگای قوتابخانەکانی وڵاتەکەی داخست، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتەش داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
تائێستا زەرەر و زیانەکانی لافاوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەرپرسانی عومان دەڵێن، ژمارەیەکی زۆری خانوو زیانیان پێگەیشتووە و بەشێکی شەقامەکانی وڵاتەکەش داخراون.