سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی: شەڕی ئێران گەشەی ئابووریی جیهانی لاواز کردووە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی ئێران، ئابووریی جیهان رووبەڕووی شۆکێکی گەورە بووەتەوە و کەم وڵات هەیە کاریگەریی ئەم شەڕەی بەسەرەوە نەبێت.
 
لەم کاتە دا کە قەیرانێکی گەورەی ئابووری هەیە، ئەم هەفتەیە گەورەترین کۆبوونەوەی دامەزراوە دارایی و ئابوورییەکانی جیهان لە واشنتن بەڕێوە دەچێت.
 
کۆبوونەوەکان تایبەتن بە گرووپی بانکی جیهانی و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی؛ بە جۆرێک لە نێو هۆڵەکانی کۆبوونەوەکەش دا، بەئاشکرا سێبەری شەڕەکە بەسەر گفتوگۆکانەوە دیارە.
 
گەشەی ئابووریی جیهان لە سەرەتای ئەمساڵ دا نزیکەی 3.3٪ بوو، بەڵام بەپێی پێشبینییەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، شەڕی ئێران وایکرد ئەو گەشەیە لاواز ببێت و ئێستا بۆ 3.1٪ دابەزیوە.
 
وەین، فەرمانبەری حکومەتی ئەمریکا، لەبارەی تەوەری گفتوگۆکانەوە دەڵێت: ''خۆم حەزم دەکرد لە پرێزنتەیشنەکان گوێم لەو بابەتە ببێت، وەک نموونە ئەم بەیانییە لە چاوخشاندنەوە بە ئابووری جیهان باسیان لە هەڵاوسانی جیهانی کرد، کە پێشبینی دەکرێت بەرزتر ببێتەوە، باس لەوە دەکرا بۆ وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان زۆر قورستربێت وەک بەتایبەتیش بەهۆی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، چونکە ئەم دۆخە کاریگەری هەیە، رەنگە کاریگەرییەکان دەستبەجێنەبن، بەڵام شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەری جیهانی هەیە.''
 
بەشێک لە وڵاتانیش روویان لەم کۆبوونەوەیە کردووە بەو هیوایەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی، هاوکارییان بن لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان.
 
هونگ چان، پسپۆڕی ئابووری، باس لە رۆڵی ئەو دوو دامەزراوەیە دەکات و پێیوایە: ''ئای ئێم ئێف و بانکی جیهانی دەتوانن بە دوو رێگا هاوکاری وڵاتانی کەم داهات بکەن، یەکێکیان هاوکاری داراییان هەیە بۆ کاتی قەیرانی دارایی و هەروەها هاوسەنگی پارەدانەوە، کە ئەمە کێشەی زۆربەی وڵاتانی هاوردەکار و کەم داهاتە ئێستا، ئەمەش بەهۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییەکان، دووەم دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەن تاوەکو بزانن ئاستی کاریگەرییەکە چەندە، دواتر باشترین سیاسەت بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە چی دەبێت، بەم شێوەیە دەتوانن بەرەنگاری قەیرانەکە ببنەوە.''
 
ساڵانە وڵاتانی ناوچەکە، کە عێراق و سووریاش لەنێویاندان، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی واشنتن دەکەن.
 
ئەمساڵ شاندی سووریا لە کاتی خۆی دا گەیشتنە واشنتن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی شەڕی ئێران و داخستنی فڕۆکەخانەکان، تاوەکو دووەم رۆژی کۆبوونەوەکەش شاندی عێراق ئامادە نەبوون.