راپۆرتێک: پێنتاگۆن پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کوبا دادەڕێژێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە کوبا چڕتر کردووەتەوە.
رۆژنامەى (یو ئێس ئەى تودەى) رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026 ئاشکرای کرد کە پلاندانانی سەربازی بۆ کوبا بە شێوەیەکی بێدەنگ لە نێو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پەرەی پێدەدرێت.
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە ئەم پلانە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە ئیدارەی ترەمپ هەناردەی نەوتی بۆ کوبا بڕی، تاوەکو هاڤانا ناچار بە گۆڕانکاریی سیاسیی ریشەیی بکات.
هەروەها، ئامادەکارییە سەربازییەکان دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چاوەڕوانە بەمزووانە "شەرەفی گرتنی کوبا بە جۆرێک لە جۆرەکان"ـی پێ ببڕێت.
ترەمپ گوتبووی: "من ئازادی بکەم یان بیگرم، پێموایە دەتوانم هەرچییەکم بوێت بەو وڵاتەی بکەم". سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 13ی نیسان لە کۆشکی سپی بە رایگەیاند: "رەنگە دوای ئەوەی کۆتاییمان بەمە هێنا (ئاماژە بۆ جەنگی ئێران)، سەرێک لە کوبا بدەین".
نیگەرانییەکان لە هاڤانا دوای ئەوە قووڵتر بوون کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە 3ی کانوونى دووەمی ئەم ساڵدا، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی نهێنی دا، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان لە ناو بارەگاکەی لە کاراکاس رفاند و بردیانە نیویۆرک.
لەو هێرشەدا 32 سەربازی کووبی کە ئەرکی پاراستنی مادورۆیان لە ئەستۆ بوو، کوژران. ئەم رووداوە وەک پەیامێکی روون بۆ هاڤانا بینرا کە رەنگە ئامانجی داهاتووی واشنتن بن.
لە بەرامبەردا، میگێل دیاز-کانێل، سەرۆکی کووبا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری "نیوزویک" بەڵێنی بەرگریی تووندی دا و گوتی: "بەرگری لە خۆمان دەکەین؛ ئەگەر لە مەیدانی جەنگیشدا بکەوین، مردن لە پێناو نیشتمان، ژیانە".
حکومەتی کوبا لە ئێستاوە رێکاری نائاسایی بۆ پاراستنی وزە گرتووەتەبەر و مانۆڕی سەربازیی "باستیۆن 2026"ی بۆ ئامادەکردنی خەڵک دەستپێکردووە.