گوتەبێژی کرێملین: جەنگى ئێران جەنگی ئێمە نییە


رووداو دیجیتاڵ

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین بە تووندی تێوەگلانی وڵاتەکەی لە جەنگی ئێران رەتکردەوە و رایگەیاند، مۆسکۆ هیچ جۆرە هاوکارییەکی هەواڵگری یان لۆجستی پێشکەشی تاران نەکردووە.
 
گوتەبێژى کرێملین رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئیندیا تودەى" رایگەیاند: "رووسیا بەشداری ناکات و لایەنێک نییە لەم جەنگە؛ ئەمە جەنگی ئێمە نییە". ئەم لێدوانەی پێسکۆڤ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانەی کە باسیان لەوە دەکرد مۆسکۆ زانیاریی مانگی دەستکردی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا داوەتە ئێران.
 
گوتەبێژی کرێملین ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی رووبەڕووی "سزای نایاسایی" بووەتەوە، بەڵام توانیویانە بەسەریاندا زاڵ بن و تێیان بپەڕێنن. لە هەمان کاتدا، بەهۆی ئەو شۆکەی کە جەنگی ئێران لە بازاڕی وزەدا دروستی کردووە، پێسکۆڤ ئامادەیی مۆسکۆی نیشاندا بۆ زیادکردنی دابینکردنی نەوت و غازی سرووشتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێویستیانە، تاوەکو رێگری لە داڕمانی زیاتری ئابووریی جیهانی بگرن.
 
 هەروەها لەبارەى پێشنیازەکەى رووسیا بۆ گواستنەوەى یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەى ئێران بۆ رووسیا، پێسکۆڤ پشتراستیکردەوە و گوتى کە بۆ بەردەوامى ئاگربەست و بەرقەراربوونى ئاشتى، مۆسکۆ ئامادەیی خۆى نیشانداوە. 
 
مۆسکۆ یەکێک بوو لەو دەنگە هەرە تووندانەی کە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد و کرێملین بە فەرمی جەنگی ئێرانی وەک "کردەوەیەکی چەکداریی دوژمنکارانەی بێ پاساو" ناساند. هەروەها هۆشداریی دابوو کە ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی "کارەساتێکی گەورە" بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. 
 
مۆسکۆ لەو کاتەوە هەوڵی داوە ئەم جەنگە وەک نموونەیەک بۆ "دووفاقی"ی سیاسەتی رۆژئاوا بەکاربهێنێت، بەتایبەت لە بەراوردکردنی هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر ئۆکراینا و هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر تاران، کە تێیدا مۆسکۆ ئەمریکا بە تێکدانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەکات.
 
پێشووتر، راپۆرتەکانی "واشنتن پۆست" و "رۆیتەرز" ئاماژەیان بەوە کرد کە رووسیا لە رێگەی پێدانی زانیاریی وردی مانگی دەستکرد بۆ پێکانی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، "قەرزەکانی" ساڵی 2022ی ئێرانی داوەتەوە، ئەو کاتەی تاران درۆنی "شاهید"ی بۆ شەڕی ئۆکراینا دایە مۆسکۆ. سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە تاران پێویستی بە هەواڵگریی ئەوان نییە.