کۆشکی سپی: گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران بە تەواوی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و "هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە بیەوێت سوود بە ئابووریی تاران بگەیێنێت."
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند: "سەبارەت بە گەمارۆکە، وەک دەزانن بە تەواوی جێبەجێ کراوە و دژی کەشتیی هەموو ئەو نەتەوانە جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن."
لیڤیت گوتیشی ئەم بڕیارە هەموو بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پشتیوانی لە ئازادیی کەشتیوانی بۆ ئەو کەشتییانە دەکەن کە بە تەنگەی هورموزدا بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان تێدەپەڕن.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "ئێمە پاڵپشتی لە ئازادیی کەشتیوانی دەکەین، بەڵام نەک بۆ هەر کەشتییەک کە لە کاتی بەردەوامیی دانوستاندنەکاندا سوود بە ئابووریی ئێران بگەیێنێت."
ئەم لێدوانانەى گوتەبێژەکە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو لە 48 کاژێری یەکەمی گەمارۆکەدا رێگری لە 9 کەشتی کردووە کە ویستوویانە لە بەندەرەکانی ئێران دەربچن.
لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوەدا، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی تووندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکە رانەگرێت، تاران تەواوی هەناردە و هاوردە لە ناوچەی کەنداو، دەریای عومان و دەریای سوور پەکدەخات. تاران ئەم گەمارۆیە بە "چەتەیی" و "پێشێلکردنی ئاگربەست" دەبینێت.
ئەم ئاڵۆزییە دەریاییە لە کاتێکدایە کە "پڕۆسەی ئیسلامئاباد" بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لەرزۆک بووە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای شکستی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان بەبێ رێککەوتن گەڕایەوە واشنتن. لە هەمان کاتدا، بە مەبەستى گەیاندنی پەیامی ئەمریکییەکان و دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ درێژکردنەوەى ماوەى ئاگربەستەکە کە تەنیا 6 رۆژى ماوە، عاسم مونیر، فەرماندەى سوپاى پاکستان لە تارانە.