کۆشکی سپی: ئاگربەستی لوبنان بەشێک نییە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان دەکات، بەڵام ئەم پرسە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ تاران.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "سەرۆک ترەمپ پێشوازی لە راگرتنی کردە دووژمنکارییەکان لە لوبنان دەکات وەک بەشێک لە رێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە روونیکردەوە، واشنتن دەیەوێت ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە، بەڵام گوتی: "ئەمە شتێک نییە کە ئێمە داوامان کردبێت، هەروەها بەشێکیش نییە لە دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، واشنتن و تاران لە گفتوگۆیەکی چڕدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کۆتاییهێنان بەو گوشارە ئابووری و سەربازییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.