رێکخراوی DRC: تاوەکو ساڵی 2027 زیاتر لە 4 ملیۆن کەسی دیکە ئاوارە دەبن

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی ئەنجوومەنی پەنابەرانی دانیمارک (DRC) هۆشداری دا، بەهۆی جەنگ، تووندوتیژی و چەوساندنەوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 لانیکەم 4.2 ملیۆن کەسی دیکە لە سەرانسەری جیهان دا ئاوارە دەبن. ئەم ئامارە جگە لەو ملیۆنان کەسەیە کە بەهۆی جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە.
 
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی ئەم رێکخراوە مرۆییە، ژمارەی 4.2 ملیۆن ئاوارە نوێیەکە دەخرێتە سەر کۆی گشتیی 117.3 ملیۆن کەس کە ئێستا لە جیهاندا ئاوارەن. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینییەکانیان لە سەر بنەمای داتاکانی کۆتایی ساڵی 2025 ئامادە کراوە، بۆیە ئاماری ئەو ئاوارە نوێیانەی تێدا نییە کە لەوەتای 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە دروست بوون.
 
شارلۆت سلێنتی، سکرتێری گشتیی (DRC) رایگەیاند، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "ئاوارەبوونی نوێی دروست کردووە و بارودۆخی مرۆیی بەرەو خراپتر بردووە." سلێنتی گوتی، دەبێت ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی ئێستا ببێتە هەمیشەیی و لوبنانیش بگرێتەوە. سلێنتی گوتی: "لە لوبنان، لە هەر پێنج کەس، یەکێکیان بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بووە؛ دەبێت رێگە بە خێزانەکان لە لوبنان و ئێران بدرێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
 
راپۆرتەکە دەریدەخات، کەمکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لە سەر زیادبوونی ئاوارەبوون. لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین ئاوارەیان تێدایە (ئۆکراینا، میانمار، سوودانی باشوور، نایجیریا و مالی)، بودجەی هەوڵەکانی ئاشتی لە ساڵی 2024دا 23٪ کەمکراوەتەوە. لە بەرامبەردا، لەو وڵاتانەی بودجەی ئاشتییان بۆ زیاد کراوە (وەک ئەفغانستان، سووریا و سۆماڵ)، رێژەی ئاوارەبوون کەمی کردووە.
 
سکرتێری گشتیی (DRC) رەخنەی تووندی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و رایگەیاند، جیهان لە پاراستنی کەسە بێدەسەڵاتەکاندا تووشی "شکستێکی کارەساتبار" بووە. ئامارەکان نیشانی دەدەن، توندوتیژی دژی سڤیلەکان لە ساڵی 2025دا 14٪ زیادی کردووە. سلێنتی گوتی: "بۆ ئەو خێزانانەی تەنیا بەو جلانەی بەریانەوە لە جەنگ هەڵدێن، ئومێدێکی کەم ماوە؛ چونکە ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییەی پێشتر بۆ پاراستنیان هەبوو، ئێستا درزی گەورەی تێکەوتووە."