سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: هەرچی زووتر جەنگی ئێران کۆتایی بێت باشترە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسان و شارەزایانی دارایی و ئابووریی جیهان بۆ کۆبوونەوەکانی بەهاری 2026ـی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) و بانکی جیهانی لە واشنتن کۆبوونەوە. لە ناو جەرگەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەرپرسە باڵاکان هۆشدارییان لە تێکچوونی هاوسەنگیی ئابووریی جیهان و بەرزبوونەوەی مەترسیداری قەرزە گشتییەکان دا.
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، لە پانێڵێکی تایبەتدا ئاماژەی بەوە کرد، ناهاوسەنگییە ئابوورییەکان لە جیهاندا جارێکی دیکە روویان لە هەڵکشان کردووە. جۆرجێڤا باسی کاریگەریی وێرانکەری جەنگی ئێران کرد و گوتی: "لە روانگەی ئەم جەنگەوە، گرنگترین پرسیار ماوەکەیەتی. هەرچی زووتر کۆتایی بێت، بۆ هەمووان باشترە."
ئەندرو بەیڵی، پارێزگاری بانکی ئینگلتەرا هۆشداری دا لە مەترسیی "وەستانی کتوپڕ" لە جووڵەی سەرمایە لە بازاڕەکاندا. بەیڵی ئاماژەی بەوە کرد، زیادبوونی قەرزی گشتی لە زۆرێک لە وڵاتان بەرامبەر بە قەرزی کەرتی تایبەت، خاڵێکی لاوازیی گەورەیە. بەیڵی گوتی، لە چەند هەفتەی رابردوودا، بازاڕەکانی قەرزی حکومی تووشی ناجێگیرییەکی زۆر بوون کە پێشتر بەو شێوەیە نەبینراوە.
جۆرجێڤا تیشکی خستە سەر رەهەندە سیاسییەکانی ئابووری و گوتی، چاککردنی ناهاوسەنگییەکان کارێکی سەختە، چونکە زلهێزەکان بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە و گوتی: "ئەگەر من چین بم، بۆچی رازی بم بە گۆڕینی مۆدێلی ئابوورییەکەم کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتم دەکات؟ بە هەمان شێوە بۆ ئەمریکا؛ بۆچی کورتهێنانی بودجەکەی کەم بکاتەوە کاتێک هێشتا دۆلار بەهێزە؟"