ترەمپ: چین رازیبووە چەک بۆ ئێران نەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەنگەی هورمزیان کردووەتەوە و چینیش بەم هەنگاوە دڵخۆشە دەشڵێت، بەیژینگ رازیبووە چەک بۆ ئێران نەنێرێت.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "چین دڵخۆشە کە تەنگەی هورمز دەکەمەوە و ئەو کارە بۆ چین دەکەم".
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە دووەم رۆژی جەنگەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست. ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی بەراورد بە پێش جەنگ لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 110 دۆلار بەرزکردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا دەشڵێت، "هەرگیز تەنگەی هورمز داناخرێتەوە" سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی چەک لەلایەن چینەوە بۆ ئێرانیش ئاماژەی بەوە کرد، "چین رازیبووە چەک بۆ ئێران نەنێرێت".
بەشێکی نووسینەکەی دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیدار بوو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و گوتی، "سەرۆک شی باوەشێکی گەرمم پێدا دەکات کاتێک سەردانی چین دەکەم و بەباشی بەیەکەوە کاردەکەین".
بڕیارە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی چین بکات و لەسەر چەند پرسێک کۆببنەوە.
ژمارەیەک ناکۆکی سیاسی، سەربازی و ئابووری لەنێوان چین و ئەمریکادا هەن، دیارترینیان پرسی تایوان، هاوکاریکردنی ئێران لەلایەن چینەوە و بازرگانی نێوانیان.