سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا: قەدەخەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا بڕیارێکی مێژووییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا پاڵپشتیی تەواوی یەکێتییەکەی بۆ بڕیاری قەدەخەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز پێویستییەکی بەپەلەیە.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا رایگەیاند، حیزبوڵڵا هەڕەشەیەکی وجودییە بۆ سەر لوبنان و هۆکارێکی مەترسیداری ناسەقامگیرییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. کۆستا گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا دەستخۆشی لە بڕیارە مێژوییەکەی سەرۆک عەون دەکات بۆ قەدەخەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا پێشوازیی لەو دانوستاندنانە کرد کە دوێنێ لە واشنتن لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەچوون و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" وەسفی کردن.
کۆستا ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامبوونی ئەم گفتوگۆیانە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵک و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا زۆر گرنگە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەنتۆنیۆ کۆستا باسی لە قەیرانی تەنگەی هورمز و رایگەیاند، گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لەو ناوچەیەدا پرسێکی "گرنگ و بەپەلەیە". ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوروپا پابەندە بە هاوکاریکردن بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان.
کۆستا لە کۆتایی گوتەکانیدا دەڵێت، ئەمە ئامانجی سەرەکیی ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەیە کە فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە جیهاندا پێکی دەهێنن، تاوەکو کۆتایی بەو گوشار و ئاستەنگانە بهێنن کە بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە لەبەردەم بازرگانیی دەریاییدا دروست بوون.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە دووەم رۆژی جەنگەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست. ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی بەراورد بە پێش جەنگ لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 110 دۆلار بەرزکردەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە سەبارەت بە جەنگی ئێران، ئاگربەست و ئازادی کەشتیوانی لە فەرەنسا کۆببنەوە.