ترەمپ: دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران ژیر دەردەکەون، بەڵام رێگە نادەین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران "ژیر" دەردەکەون، بەڵام هۆشدارییان پێ دەدات کە دەبێ واز لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بێنن، چونکە "ئەگەر پێداگری بکەن، رەنگە زۆر لە ژیاندا نەمێننەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەتەواوی جێبەجێ کراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئێستا لاوازە.
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لەبارەی جەنگی واشنتن و تاران گوتی: "ئێمە ئێرانمان لەنێوبردووە. وا دیارە جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت؛ "ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ئێران "نە هێزی دەریایی، نە هێزی ئاسمانی، نە رادار و نە سیستمی دژە فڕۆکەی نەماوە."
 
لەبارەی سەرکردایەتیی ئێستای ئێرانەوە، ترەمپ دەڵێت: "ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتدارن رژێمێکی نوێن، بەراورد بەوانی پێشوو، ئێمە ئەوان بە تا رادەیەک ژیر دەبینین، بەڵام تەنیا ئەنجامی کۆتایی بۆ ئێمە گرنگە."
 
سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، ترەمپ هەڕەشەی تووندی کرد و گوتی: "هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەوان ناتوانن ئەو چەکەیان هەبێت. ئەگەر پێداگری بکەن، رەنگە زۆر لە ژیاندا نەمێنن، چونکە زۆر بە تووندی لێمان داون."
 
ترەمپ باسی لە توانای سەربازیی ئەمریکا بۆ پەکخستنی ژێرخانی ئێران کرد و گوتی: "دەتوانین تەنیا لە یەک کاژێردا هەموو پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران لەنێوببەین، بەڵام نامانەوێ ئەوە بکەین، چونکە دواتر کاتی زۆری دەوێ بۆ بنیادنانەوەیان."
 
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی سەردەمی ئۆباما گرت و بە "خراپترین رێککەوتنی مێژوو" ناوی برد، کە بە گوتەی ئەو، رێگەی بۆ ئێران خۆش دەکرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
ترەمپ گوتیشی: "هەشت مانگ لەمەوبەر بە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری B-2 لێمان دان. ئەگەر ئەوەمان نەکردایە، ئێران لە هەفتەیەک یان دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەرامبەر ئیسرائیل، سعودیە، قەتەر، ئیمارات و تەنانەت ئێمەش بەکاری دەهێنا."
 
ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا کە دواجار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ و گوتی: "پێشبینی دەکەم پێش نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی، نرخی بەنزین و وزە زۆر دابەزێ، چونکە ئێمە بەرامبەر وڵاتێک وەستاینەوە کە دەیویست تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داگیر بکات."