بەرپرسێکی ئەمریکی: تائێستا بە درێژکردنەوەی ئاگربەست رازینەبووین


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە "فەرمی" بە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران رازینەبوون. ئەم گوتەیە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 8ی نیسان ئاگربەستیان کرد و بڕیارە دوو هەفتە بەردەوام بێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی سەبارەت بە ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەیان لەگەڵ ئێران بە ئەکسیۆسی راگەیاند، "ئەمریکا بە فەرمی بە درێژکردنەوەی ئاگربەست رازینەبووە". دەشڵێت، "پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەردەوامن". 
 
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی دوو هەفتەیی جەنگەکەی راگەیاند. ئاگربەستەکە بە پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو. 
 
رۆژی شەممە، لە ئیسلامئاباد، شاندنی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوە. 
 
بە گوێرەی سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە، پێشڤەچوون لەو دانوستاندنەدا هەبوو، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی ئێران لە دەستهەڵگرتن لە پرسی ئەتۆمی و چەکی ئەتۆمی رێککەوتن نەکرا. 
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "رووسیا ئامادەیە هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2015، رۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دا ببینێت. لاڤرۆڤ گوتی: "ئەم رۆڵە دەتوانێت بە چەندین شێوە بێت، لەوانە دووبارە پرۆسێسکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ئاستی بەرز بۆ یۆرانیۆمی ئاستی سووتەمەنی، یان گواستنەوەی بڕێکی دیاریکراو لەو یۆرانیۆمە بۆ رووسیا بە مەبەستی کۆگاکردن."
 
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش جەنگی حوزەیرانی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران و جەنگی ئەم دواییەی واشنتن و تەلئەڤیڤ لەگەڵ تاران، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی سەروو 60٪. دوای ئەو دوو جەنگە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بە لەنێوبردنی توانای ئەتۆمی ئێران دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پشتڕاستیان نەکردووەتەوە. 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەشڵێت، هەر چارەسەرێک پێویستە لای ئێران پەسند بێت و گوتی: "نابێت مافە چەسپاوەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە پێشێل بکرێت، چونکە ئەمە مافی هەموو دەوڵەتێکە."