کچێکی 16 ساڵ بەهۆی راپرسییەکی ئینستاگرام خۆی کوشت

رووداو - هەولێر

کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە مالیزیا خۆی کوشت، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووانی راپرسییەکی ئۆنلاین دەنگیان بەوە دابوو خۆی بکوژێت. 

پۆلیسی مالیزیا بڵاویکردەوە، ئەو کچە تەمەن 16 ساڵە لە ئەکاونتی خۆی لە ئینستاگرام راپرسییەکی دانابوو، کە تێیدا نووسیبووی "بەڕاستی گرنگە، یارمەتیم بدەن مەرگ یان ژیان هەڵبژێرم". 

ئەنجامی راپرسییە ئۆنلاینەکە بەو جۆرە بوو کە 69%ی بەشداربووان داوایان لەو کچە کردبوو خۆی بکوژێت و ئەویش خۆی کوشت. 

مردنی ئەو کچە بەهۆی ئەنجامی ئەو راپرسیەوە وایکرد، پارێزەرێک کە پەرلەمانتاریشە بڵێت "دەکرێت ئەوانەی لە راپرسییەکەدا بەشداربوون وەک تۆمەتبار دابنرێن". 

وەزیری وەرزش و لاوانی مالیزیاش رایگەیاند، مەرگی ئەو کچە ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە بەوردی لەبارەی تەندروستیی دەروونی لە وڵاتدا قسە بکرێت.

دوای ئەو رووداوە سێلینا گۆمێز، ئەکتەری ئەکتەر و گۆرانیبێژی بەنێوبانگی ئەمریکی سۆشیاڵمیدیای  بە "زۆر خراپ" بۆ نەوەی نوێ ناوبرد و راشیگەیاند، وەک  خۆی زۆر هەوڵیداوە ببێتە نموونەیەکی "باش" بۆ 150 ملیۆن فۆلۆورەکەی لە ئینستاگرام.