ئەمریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی سووریا بۆ نەهێشتنی هەژموونی ئێران لەسەر وڵاتەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئەمریکا؛ جەخت لەسەر لابردنی سزاکان، سەقامگیریی سووریا، لەنێوبردنی چەکی کیمیایی، بەرقەرارکردنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و پاراستنی مافی سووریاییەکان کراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 15-05-2025 تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "مارکۆ روبیۆ [وەزیری دەرەوەی ئەمریکا] و ئەسعەد شەیبانی [وەزیری دەرەوەی سووریا] لە تورکیا کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە دوای دیدارە مێژووییەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا هات کە دوێنێ لە سعودیە کرا."
بەگوتەی برووس: "روبیۆ جەختی لەسەر پشتگیریی واشنتن بۆ هەڵگرتنەوەی سزاکان لەسەر سووریا کردووەتەوە بە ئامانجی جێگیرکردنی ئەو وڵاتە."
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "پێشوازی لە هەنگاوەکانی حکومەتی سووریا کردووە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە وڵاتەکەیاندا."
بەگوێرەی ئەو وەزارەتەی ئەمریکا، روبیۆ ستایشی پابەندبوونی دیمەشقی کردووە بە "دیاریکردنی چارەنووسی هاووڵاتیانی ئەمریکی کە لە سووریا بێسەروشوێنبوون یان کوژراون. هەروەها نەهێشتنی هەموو چەکە کیمیاییەکان."
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر "گرنگیی پاراستنی مافی هەموو سووریاییەکان کردەوە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی یان ئایینی".
دوای کۆبوونەوەکە، روبیۆ گوتی: "ئەوان [بەرپرسانی سووریا] خواستی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ هەموو دراوسێکانیان، لەوانەش ئیسرائیل، دەربڕیوە."
رۆژی سێشەممە ترەمپ سەردانی سعودیەی کرد و باسی لابردنی سزاکانی سووریای کرد، دواتر لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش بەشداربوو.