ترەمپ: شی جینپینگ راست بوو کە ئەمریکا بەرەو لاوازی دەڕۆشت، بەڵام ئێستا گۆڕاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشتر سەرۆککۆماری چین راست بووە کە ئەمریکای وەک "نەتەوەیەکی بەرەو لاوازی رۆشتوو" وەسف کردووە، بەڵام دەڵێت، ئەو قسەیە تەنیا بۆ سەردەمی ئیدارەی پێشوو راست بووە و ئێستا واشنتن لە لووتکەی هێزی ئابووری و سەربازیی جیهاندایە.
 
رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسی: "کاتێک سەرۆک شی جینپینگ زۆر بە جوانی ئاماژەی بە لاوازبوونی ئەمریکا کردووە، مەبەستی ئەو زیانە گەورانە بووە کە لە چوار ساڵی ئیدارەی بایدندا بەر وڵاتەکەمان کەوتوون."
 
ترەمپ لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت: "لەسەر ئەو بابەتە، سەرۆک شی 100% راست بوو. وڵاتەکەمان بەدەست سنووری کراوە، باجی زۆر، تاوان و رێککەوتنی بازرگانیی خراپەوە دەیناڵاند."
 
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەو وەسفەی سەرۆکی چین بۆ دۆخی ئێستا ناگونجێت، چونکە لە 16 مانگی رابردووی ئیدارەی ئەودا، ئەمریکا گەشەیەکی "باوەڕپێنەکراوی" بەخۆیەوە بینیوە.
 
وەک دەستکەوتێک بۆ کارابوونەوەی هێزی ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بازاڕی پشکەکان، سەرکەوتنی سەربازی لە ڤەنزوێلا و "تێکشاندنی سەربازیی ئێران" کرد و گوتی: "ئەمە هێشتا بەردەوام دەبێت."
 
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاوژینەکەی دەستگیرکرد. هەروەها لە شوباتی ئەمساڵیشدا، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئێستا هەردوولا لە قۆناخی ئاگربەستێکی لاوازدان.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەیەوە گوتی: "بەهێزترین سوپای سەر زەویمان هەیە و بووینەتە ناوەندێکی گەورەی ئابووری، بە جۆرێک کە ژمارەی پێوانەیی 18 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی بیانی بۆ ناو ئەمریکا راکێشراوە." هەروەها گوتیشی: "باشترین بازاڕی کارمان لە مێژوودا هەیە."
 
بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیاندا، شی جینپینگ پیرۆزبایی "سەرکەوتنەکان"ی لێکردووە و سەرسامیی خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییە خێرایانە دەربڕیوە کە لە ئەمریکا روویانداوە.
 
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "دوو ساڵ لەمەوبەر، ئێمە بە راستی نەتەوەیەکی بەرەو لاوازی رۆشتوو بووین و لەسەر ئەوە تەواو هاوڕای سەرۆک شیم. بەڵام ئێستا، ویلایەتە یەکگرتووەکان گەرمترین نەتەوەیە لە هەموو شوێنێکی جیهان و هیوادارین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین لە هەموو کاتێک بەهێزتر بێت."
 
واشنتن و پەکین هەوڵدەدەن لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان بکەنەوە، لە کاتێکدا جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوشارە داراییەکان هێشتا وەک ئاڵنگاریی سەرەکی ماونەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆش کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی چین بەردەوام بن.