شاندی ئەمریکا پێش گەڕانەوەیان لە چین، هەموو دیارییەکانیان فڕێ دەدەن


رووداو دیجیجتاڵ

پێش سەرکەوتن بۆ نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی و جێهێشتنی چین، شاندی یاوەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەندێک رێکاریان گرتەبەر. 
 
ئەو بەرپرس و ستافەی لەگەڵ ترەمپ بوون، هەموو ئەو دیاری، باج، قردێلە و شتومەکانەیان فڕێدا کە لەلایەن چینییەکانیانەوە وەک دیاری پێیاندرابوو.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا لەوانەش فۆکس نیووز، شاندی ئەمریکا لە خوارەوەی پەیژەی فڕۆکەکە هەموو ئەو شتانەیان خستە نێو تەنەکەی خۆڵەوە و رێگە نەدرا هیچ شتێکی چین ببردرێتە نێو فڕۆکەی سەرۆکی ئەمریکا.
 
چی فڕێدرا؟
 
•دیاری و یادگارییەکان کە لەلایەن چینییەکانەوە پێیان درابوو.
 
•باج و قردێلەکان، لەنێویاندا باجی رۆژنامەڤانی.
 
•تەلەفۆنە بەکارهاتووە کاتییەکان و هەر ئامێرێکی دیکەی کاتی کە لە چین بەکارهێنرابوون.
 
بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی کە رەنگە ئەو شتومەکانە ئامێری شاراوەی گوێگرتن، ئامێری چاودێریکردن یان بەرنامەی زیانبەخشیان تێدابووبێت. بەرپرسانی ئەمریکا تەنانەت ترسی ئەوەیان هەیە کە قردێلە یان دیارییە بچووکەکانیش ئەو تەکنەلۆجیایانەیان تێدا شاردرابێتەوە کە دەکرێ بە مەبەستی سیخوڕی بەکاربهێندرێن.
 
رێکارە ئەمنییەکان پێش گەشتەکە دەستیان پێکردبوو. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان، یاریدەدەران، ئەندامانی دەزگای نهێنی و سەرکردەکانی بواری بازرگانی، تەلەفۆن و لاپتۆپە تایبەتەکانی خۆیان لە ئەمریکا جێهێشتبوو. ئەوان لە کاتی مانەوەیان لە چین، تەلەفۆنی تایبەتی کاتییان بە ژمارەی نوێ و تایبەتمەندیی سنووردارەوە بەکارهێنا.
 
ئەم رێکارە زیادانە نوێ نین. بەرپرسانی ئەمریکا چەندین ساڵە لە کاتی سەردانیکردنی چین رێکاری هاوشێوە دەگرنەبەر، ئەوەش بەهۆی مەترسییە بەرزەکانی هاککردن و چاودێریکردن.
 
ئەم هەفتەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیجینگ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە. ترەمپ گەورە تەکنۆڤانەکانی ئەمریکای لەگەڵ خۆی برد، لەنێویاندا سەرۆکەکانی کۆمپانیاکانی تێسلا، ئەپڵ، ئێنڤیدیا و چەند گەورە کۆمپانیایەکی دیکە. ئەوان دانوستاندنیان لەبارەی بازرگانی، باج، تەکنەلۆجیا و چەند پرسێکی دیکەی سەرەکییەوە کرد.
 
سەردانەکە لە رووکەشدا دۆستایەتی نیشاندا و لە پشت پەردەشەوە باس لە هۆشدارییەکی تووند کرا. ترەمپ، شی بە دۆست ناوبرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکەی رێکاری ئەمنیی زۆر تووندیان پەیڕەو کرد بۆ پاراستنی زانیارییەکانی ئەمریکا.