نوێنەری تورکیا لە UN بۆ رووداو: لە سووریایەکی یەکگرتوودا شوێن بۆ پێکهاتەی هاوتەریب نابێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی لایەنگری سووریایەکی یەکگرتووە و جەختی کردەوە کە دەبێت رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق بە تەواوی جێبەجێ بکرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سووریای داهاتوودا نابێت هیچ پێکهاتەیەکی سەربازی یان کارگێڕیی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت هەبێت.
کەشێکی ئەرێنی لە ئەنجوومەنی ئاسایش
دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی سووریا، ئەحمەد یڵدز لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش گەشبینن بەو پێشکەوتنانەی لە سووریا بەدیهاتوون. یڵدز گوتی: "کەشی کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو، ئەندامان دەستخۆشییان لە هەنگاوەکانی سووریا کرد بەرەو ئاوەدانبوونەوە و سەقامگیری."
رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا، دیپلۆماتەکەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات. ئەحمەد یڵدز گوتی: "وەک لە کۆبوونەوەکەشدا ئاماژەم پێدا، لە سووریایەکی یەکگرتوودا هیچ شوێنێک بۆ دوو پێکهاتەی هاوتەریب نییە. پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی یەکگرتوودا یەکبخرێن."
ئەحمەد یڵدز ئاشکرای کرد کە تورکیا و سووریا دەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەییەکان، بووژانەوەی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" لە ناوچەکەدا.
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: بۆچوونت چییە سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ؟
ئەحمەد یڵدز: بەڵێ، تا ئەو جێگەیەی من بیستبێتم، کەشێکی زۆر ئەرێنی بوو. زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەنجوومەن دەستخۆشییان لە پێشکەوتنەکانی سووریا و هەنگاونان بەرەو پێشەوە کرد، هەروەها هیوا و چاوەڕوانییەکانی خۆیان بۆ ناوچەیەکی سەقامگیر و سووریایەکی ئاوەدانبووەوە دەربڕی.
رووداو: تورکیا چۆن دەڕوانێتە ئەو گفتوگۆیانە لە نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشقدا بەڕێوەدەچن؟ ئایا ئێوە لە خێرایی هەنگاوەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان لە سووریا رازین؟
ئەحمەد یڵدز: ناتوانم بچمە نێو وردەکاریی ئەم بابەتەوە، چونکە سووریا وڵاتێکی دراوسێیە و ئێمە لە پەیوەندیی نزیکداین لەگەڵیان. ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا گوتم، وەک چۆن لەوێش ئاماژەم پێدا، ئەوەیە کە لە سووریایەکی یەکگرتوودا هیچ شوێنێک بۆ دوو پێکهاتەی هاوتەریب نییە. دەبێت ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا هەیە بە تەواوی جێبەجێ بکرێ و هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی یەکگرتوودا یەکبخرێن.
رووداو: دوایین پرسیار، هەندێک راپۆرتی میدیایی هەبوون کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، رەنگە سەردانی تورکیا بکات. هیچ زانیارییەکت لەسەر ئەمە هەیە؟
ئەحمەد یڵدز: هیچ سەرنجێکم لەسەر ئەوە نییە، بەڵام سەبارەت بە سووریا، ئێمە بە شێوەیەکی باش و لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی و دەسەڵاتدارانی سووریا دەکەین. زۆر شت لە سووریا هەن کە دەکرێ لەگەڵ سووریا بکرێن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەییەکان، بۆ بووژانەوەی ئابووری، بۆ کارکردن دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە لێدوان لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی سووریا نادەم.