نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: هیچ گەڕانەوەیەک لە داننان بە مافەکانی کورددا نییە


رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم عەبدولمەلیک عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، داننانی حکومەتی نوێی دیمەشق بە مافەکانی کورد و زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی، بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەیە و "هیچ گەڕانەوەیەکی بۆ دواوە نییە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لادانی زمانی کوردی لەسەر هەندێک تابلۆی حکومی تەنیا رێکارێکی تەکنیکی بووە، نەک بڕیارێکی سیاسی.
 
زمانی کوردی و پرسی وڵاتینامە
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەو ناڕەزایەتییانەی لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دژی لادانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەکان دروستبوون، ئیبراهیم عولەبی گوتی: "ئەمە بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تابلۆکان لە سووریا شێوەیان چۆن بێت." عولەبی دەستخۆشی لە "پێگەیشتوویی" سەرکردە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد کە دۆخەکەیان بۆ لایەنگرانیان روونکردەوە و رێگەیان نەدا ببێتە کێشەیەکی سیاسی.
 
دیپلۆماتەکەی سووریا تیشکی خستە سەر وەرچەرخانێکی مێژوویی و گوتی: "وەک بینیتان، دەیان هەزار کورد کە پێشتر هەرگیز نەیانتوانیبوو، ئێستا بۆ یەکەم جار داوای وڵاتینامەی سووریا دەکەن و دەبنە خاوەن ناسنامە؛" جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆ و کارکردنی پێکەوەیی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کۆسپەکان.
 
تەنگژەی خۆراک و ئابووری
 
سەبارەت بە راپۆرتەکەی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) کە دەڵێت حەوت ملیۆن سووریایی لە دۆخی نەبوونی ئاسایشی خۆراکدان، عولەبی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی میراتێکی قورسی لە هەژاری و برسێتی بۆ ماوەتەوە. ئەو دیپلۆماتە گوتی: "ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان کاردەکەین بۆ سووککردنی ئەم بارگرانییە، ئەوەش لەرێگەی پێدانی توانای کڕین و چاندن و بەشدارکردنی خەڵک لە پرۆسەی ئابووریدا."
 
ئیبراهیم عولەبی ئاماژەی بە گوتەکانی تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی کرد و دووپاتی کردەوە کە سووریا لەم قۆناخە کاتییەدا پێویستی بە بودجەی زیاتر و هاوکاریی رژدی نێودەوڵەتی هەیە.
 
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئیبراهیم عەبدولمەلیک عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: دوو پرسیارم هەیە. یەکێکیان، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی WFP دوێنێ رایگەیاند کە نزیکەی حەوت ملیۆن سووری هێشتا لە دۆخی نەبوونی ئاسایشی خۆراکدان. دەتوانیت لەوبارەیەوە پێمان بڵێیت حکومەت چی دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم بارگرانییە؟

ئیبراهیم عەبدولمەلیک عولەبی: وەک دەزانن، ئێمە دۆخێکی ئابووری زۆر ئاڵۆزمان بۆ ماوەتەوە، هەژارییەکی زۆر و برسێتییەکی زۆر و ..هتد. بۆیە ئێمە لەگەڵ زۆر لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بارگرانییە سووک بکەین. بەشێکی ئەمە بریتییە لە پێدانی توانای کڕین، چاندن، چوونە نێو پرۆسەی ئابووری بە خەڵکەکە خۆیان. 
 
ئێمە کار لەسەر هەموو ئەمانە دەکەین. بەڵام نایشارینەوە کە هێشتا پێویستمان بە هاوکاری مرۆییە، ئەوەش شتێک بوو کە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی [ئاسایش] ئاماژەی پێدرا. فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتی لە رێکخراوی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) ئەوەی روونکردەوە کە پێویستمان بە بودجەی زیاترە. پێویستە جیهان بە رژدی بێتە پێشەوە لەم قۆناخە کاتییەدا تاوەکو ئەو کاتەی سووریا دەتوانێت جارێکی دیکە لەسەر پێیەکانی خۆی بووەستێتەوە. سوورییەکان رانەهاتوون برسی بن، ئەوان گەلێکی زۆر کۆششکارن، تەنیا پێویستیان بە ئامرازەکانە بۆ ئەوەی کار بکەن، ئێمەش ئەوە بەدیدەهێنین.
 
 
رووداو: دوا پرسیارم سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەیە کە لە حەسەکە بینیمان لەلایەن کوردەوە تایبەت بە لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ حکومییەکان. دەزانم سەرۆک شەرع گوتوویەتی ئەو دان بە کوردی دا دەنێت وەک زمانێکی "نیشتمانی". ئەمە بە کرداری بە چ مانایەکی هەیە؟ بۆچی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ حکومییانە لادرا؟
 
ئیبراهیم عەبدولمەلیک عولەبی: بێگومان، پێش هەموو شتێک، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە کاردانەوە فەرمییەکانی کورد بەرامبەر بەم بابەتە، کە قسەیان بۆ لایەنگرانی خۆیان کرد و روونیانکردەوە کە ئەمە بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە تابلۆکان لە سووریا شێوەیان چۆن بێت. هەمیشە دوو زمان لەسەر تابلۆکان هەبووە و ئەوە بۆ زۆر لە خەڵکی روون کرایەوە. وەک بینیتان، وێنەی سەرسوڕهێنەری دەیان هەزار کەس هەبوو کە بۆ یەکەم جار داوای وڵاتینامەی سووریایان دەکرد، ئەو کوردە سووریاییانەی کە پێشتر هەرگیز نەیانتوانیبوو ئەو کارە بکەن. بێگومان لەم رێگەیەدا هەندێک کۆسپ و تەگەرەمان دێنە پێش، بەڵام چونکە گفتوگۆ دەکەین و پێکەوە کاردەکەین، هیچ شتێک نییە کە چارەسەر نەکرێ. من بەڕاستی دەستخۆشی لە پێگەیشتوویی زۆر لە سەرکردەکانی کوردی سووریا دەکەم لە قسەکردن بۆ لایەنگرانیان و روونکردنەوەی ئەوەی کە ئەمە پرۆسەیەکە و کاتی دەوێ، بەڵام ئێمە بە تەواوی کاری لەسەر دەکەین. هیچ گەڕانەوەیەک نییە لە پرسی داننان بە مافەکان دا.