لە سوێد دادگاییکردنی پوویا شافیعی، کەسایەتیی نزیک لە 'رێوییە کوردەکە' دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە سوێد دادگاییکردنی پوویا شافیعی دەستیپێکرد، ئەو کەسەی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەڵێت کەسێکی نزیکی رەوا مەجید، ناسراو بە 'رێوییە کوردەکە'یە و یەکێکە لە سەرکردەکانی تۆڕی تاوانکاریی فۆکس ترۆت. شافیعی پێشتر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوو و ساڵی رابردوو رادەستی سوێد کرایەوە.
لوکاس تیگەرستاند، داواکاری گشتی کە دۆسیەکەی لە دادگای ستۆکهۆڵم جووڵاندووە، دەڵێت دۆسیەی شافیعی "تاوانی زۆر گەورەی" تێدایە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو گەنجە بە ناوی خوازراوی (حەمەدۆ) سەرکردایەتیی باندی تاوانکاریی کردووە و لە پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی سوێد تێوەگلاوە لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، هەوڵی کوشتن، تووندوتیژی و تەقینەوە.
وەک بەشێک لە بەڵگەکانی دادگا، پۆلیس پشتی بە نامەیەکی ئەپی چاتی (سیگناڵ) بەستووە کە تێیدا حەمەدۆ بە کەسێکی دیکە دەڵێت، "برا، دەبێ بتەقێندرێتەوە." پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات کە مەبەستی لەو نامەیە، تەقاندنەوەی ماڵی کەسوکاری رکابەرێکی خۆی بووە کە سەر بە باندێکی دیکەی تاوانکاری بووە.
پوویا شافیعی لە ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا و دواتر لە ساڵی 2025 بە فەرمی رادەستی دەسەڵاتدارانی سوێد کرایەوە. پێشتریش پۆلیسی سوێد وێنەیەکی پوویا شافیعی و رەوا مەجیدی بڵاوکردبووەوە کە لە باشووری کوردستان گیراوە و تێیدا لەگەڵ فەرماندەیەکی سەربازیی ئەوکاتی کوردستان دەستیان لەسەر شانی یەکدی داناوە و وێنە دەگرن.
لە دانیشتنەکانی دادگادا، پوویا شافیعی و پارێزەرەکەی تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە ئاراستەیان کراون. بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ ماوەی مانگێکی تەواو بخایەنێت.