ئەمریکا دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاند، دامودەزگە ئەمنییەکان کەسێکیان دەستگیرکردووە کە دەستی لە 20 "هێرشی تیرۆریستیدا" لە ئەورووپا، کەنەدا و ئەمریکا هەبووە. هاووڵاتییەکە عێراقییە و فەرماندەی کەتائیبی حیزبوڵڵایە.
پاتێل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، محەممەد سەعدی پلانی بۆ لانیکەم 20 "هێرشی تیرۆریستی" لە نیویۆرک، ئەریزۆنا و کالیفۆرنیا دانابوو.
بەگوێرەی سکاڵانامەی دژی تۆمەتبارەکە، هاووڵاتییە عێراقییەکە لە تۆڵەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لانیکەم 18 "هێرشی تیرۆریستیی" راگەیێندراوی لە ئەورووپا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەنێویاندا بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییەکی جووی ئەمریکی.
سکاڵاکە ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە محەممەد باقر سەعد داود سەعدی، بە بۆمبی ئاگرین هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەیەکی بانکی نیویۆرک مێلۆن لە ئەمستردامی هۆڵەندا، هەوڵی داوە بۆمبی چێندراو لە باڵەخانەی بانک ئۆڤ ئەمریکا لە پاریس بتەقێنێتەوە، هەروەها هاوئاهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی جووەکان لە ئەمریکا کردووە و لە لەندەنیش بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر دوو کەس.
رۆژی هەینی، تۆمەتبارەکە بۆ یەکەم جار لە دادگەی فیدراڵیی مانهاتن لە نیویۆرک ئامادە بوو، ئەوەش بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی مادی بۆ "گرووپە تیرۆریستییەکان"، پیلانگێڕی بۆ تەقاندنەوەی شوێنە گشتییەکان و چەند سەرپێچییەکی دیکە.
سەعدی لە تورکیا دەستگیرکراوە و رادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کراوە. ئەندرو دالاک، پارێزەرەکەی کە پارێزەرێکی فیدراڵییە، گوتی، ئاگاداری هیچ رێکارێکی رادەستکردنەوە نەبووە. دالاک گوتی: "ئەمە تاڕادەیەک کەیسێکی نائاساییە."
بڕیاردرا سەعدی دەستبەسەر بکرێ و بڕیارە رۆژی 29ـی ئایار جارێکی دیکە لە دادگە ئامادەبێتەوە.
داواکارانی گشتیی فیدراڵی ئەمریکا رایانگەیاند، جگە لە هێرشەکانی ئەورووپا و کەنەدا، سەعدی لەگەڵ بریکارێکی نهێنیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) قسەی کردووە و بڕی سێ هەزار دۆلاری پێداوە بۆ ئەوەی پلانی هێرشکردنە سەر کالیفۆرنیا، ئەریزۆنا و کەنیشتەیەکی جووەکان لە مانهاتن دابنێت.
بەگوتەی داواکارانی گشتیی فیدراڵی، سەعدی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای عێراقەوە هەیە.
لە سکاڵانامەکەیدا هاتووە، لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی 2026دا سەعدی "رێنمایی و هانی کەسانی دیکەی داوە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەنێویاندا لە رێگەی کوشتنی ئەمریکییەکان و جووەکان، ئەوەش وەک تۆڵەیەک بۆ ململانێ سەربازییەکانی ئێران و بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە تیرۆریستییەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و سوپای پاسداران."
سکاڵانامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو "سەعدی و هاوبەشەکانی لەژێر ناوی "بزووتنەوەی ئەسحاب یەمینی ئیسلامی" کە باڵێکی کەتائیبی حیزبوڵڵایە، پلانیان داڕشتووە، هاوئاهەنگییان کردووە و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە لانیکەم 18 هێرشی تیرۆریستی لە ئەورووپا و دوو هێرشی دیکەش لە کەنەدا راگەیاندووە."
بەگوێرەی داواکارانی گشتی، تۆمەتبارەکە بەڵێنی پێدانی هەزاران دۆلاری بە کەسێک دابوو کە پێی وابووە هێرش دەکاتە سەر پەرستگەیەکی جووەکان لە نیویۆرک، دەرکەوتووە ئەو کەسە ئەفسەرێکی نهێنیی ئێف بی ئای بووە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێ لانیکەم یەکێک لە هاوبەشەکانی سەعدی بهێندرێتەوە بۆ ئەمریکا و تۆمەتبار بکرێت.
جێسیکا تیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری نیویۆرک رایگەیاند: "ئەم کەیسە بەڕوونی ئەو هەڕەشە جیهانییانە نیشان دەدات کە رژێمی ئێران و بریکارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا دروستی دەکەن، کە رێکخراوی تیرۆریستیی بیانین و لە سەرەتای جەنگەکەوە بەردەوام جووەکانیان لە سەرتاسەری ئەورووپا و ئەمریکا کردووەتە ئامانج."