پێنتاگۆن: بودجەی ئۆپەراسیۆنەکانمان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەرەو تەواوبوون دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هۆشداری دەدەن، رەنگە لە هاوینی ئەم ساڵدا بودجەی پێویستیان بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان نەمێنێت؛ دەشڵێن، جەنگی ئێران و بڵاوەپێکردنی هێزەکان لە سنوورەکانی باشووری ئەمریکا، تەواوی سەرچاوە داراییەکانیانی خاڵی کردووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، فەرماندەکانی پێنتاگۆن رایانگەیاندووە، ئەگەر کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کاتی جەنگ پەسند نەکات، سوپا ناچار دەبێت مەشق و راهێنانی سەربازی و ژمارەیەک کاری لە پێشینەی دیکەی بەرگری کەم بکاتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ، تاوەکو ئێستا تێچووەکانی جەنگی ئێران و ئۆپەراسیۆنە چاوەڕواننەکراوەکانی دیکە لە بودجەی ساڵانەی "کارپێکردن و چاککردنەوە" دابین کراون. ئەم بودجەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەرکی ئاسایی سوپا تەرخان کراوە و بۆ جەنگێکی وەها گەورە و ئۆپەراسیۆنی زیادە نییە، ئەمەش گوشارێکی دارایی یەکجار زۆری خستووەتە سەر وەزارەتەکە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی جەنگەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 ملیار دۆلاریان لە جەنگی ئێران خەرجکردووە. مانگی ئاداریش، وەزارەتەکە داوای 200 ملیار دۆلاری بۆ بەڕێوەبردنی جەنگەکە لە کۆنگرێس کرد، بەڵام داواکارییەکەیان پەسەد نەکراوە.
بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بەبێ پشتیوانیی دارایی نوێ لە لایەن کۆنگرێسەوە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا دەبێت، چونکە ناتوانن وەک پێویست مەشق بە سەربازەکان بکەن و ئامێرە جەنگییەکان نوێ بکەنەوە، لە کاتێکدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا هەیە.
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی و ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست، ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزکردەوە.
رۆژی 13ی نیسان، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەکە لەلایەن تارانەوە.