ئیمارات دەیەوێت بەبێ بەکارهێنانی تەنگەی هورمز نەوتەکەی بگوازێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیمارات بڕیاری دا پڕۆژەی دروستکردنی بۆرییەکی نوێی نەوت خێرا بکات کە ئامانج لێی گواستنەوەی نەوتی ئەو وڵاتەیە، بەبێ بەکارهێنانی تەنگەی هورمز؛ ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە هەناردەکردنی وزە لەو رێڕەوە ئاوییە تووشی گرفت بووە.
رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026، میدیای فەرمی ئیمارات بڵاویکردەوە، پڕۆژەی بۆریی (رۆژئاوا – رۆژهەڵات) کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بکەوێتە کار، توانای هەناردەکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئادنۆک) لە رێگەی بەندەری فۆجەیرەوە بۆ دوو هێندە زیاد دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی رایگەیاند، شێخ خالید بن محەممەد بن زايد ئال نهیان، جێنشینی ئەبوزەبی، فەرمانی بە کۆمپانیای ئادنۆک کردووە "کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە خێراتر بکەن."
ئێستا ئیمارات بۆرییەکی هەیە بە درێژایی 360 کیلۆمەترە کە لە کێڵگەکانی (حەبشان)ـەوە دەستپێدەکات بۆ بەندەری فۆجەیرە، بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی بەندەرەکە، توانای گواستنەوەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە.
ئەم بڕیارەی ئیمارات لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە فەرمی لە رێکخراوی ئۆپێك کشایەوە و پلانی هەیە تاوەکو ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
بەندەری فۆجەیرە لە کاتی جەنگی ئێران چەندین جار کراوەتە ئامانج؛ لە دوایین هێرشدا کە لە 4ـی ئایاردا کرا، سێ هاووڵاتیی هیندی بریندار بوون.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕۆوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، بەڵام ئیمارات دەیەوێت لە رێگەی بەندەری فۆجەیرەوە کە دەکەوێتە سەر دەریای عومان، هەناردەی نەوتەکەی لە مەترسییەکانی داخستنی تەنگەکە یان هێرشە دەریاییەکان بپارێزێت.