ئەمریکا رەوانەکردنی چوار هەزار سەرباز بۆ پۆڵەندا هەڵدەوەشێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پلانی رەوانەکردنی چوار هەزار سەربازی بۆ پۆڵەندا هەڵوەشاندەوە؛ ئەم بڕیارە کتوپڕە گومانەکان لەسەر هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە کیشوەری ئەورووپا زیاتر دەکات.
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، واشنتن بڕیاریداوە ئەو هێزانە بۆ پۆڵەندا نەنێرێت، کە بڕیار بوو وەک هێزی کاتی لەو وڵاتە جێگیر بکرێن. ئەم هەنگاوە تەنیا دوو هەفتە دوای بڕیاری کشانەوەی پێنج هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا دێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم بڕیارانە پەیوەندییان بەو لێکترازانە قووڵەوە هەیە کە لە نێوان ترەمپ و وڵاتانی ئەورووپا لەسەر جەنگی ئێران دروست بووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، جین شاهین، سیناتۆری دیموکرات و ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، سەرسامیی خۆی بەم بڕیارە دەربڕی و رایگەیاند، کۆنگرێس لەم هەنگاوە ئاگادار نەکراوەتەوە.
 
تووڕەیی ترەمپ و کارتی گوشار
 
راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی تووڕەیە، چونکە ئامادە نەبوون لە جەنگی دژی ئێراندا بەشداری بکەن. ئەم گرژییە دوای ئەوە زیاتر بوو کە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێرانییەکان لە دانوستاندنەکاندا ئەمریکایان "شەرمەزار" کردووە.
 
ئەم بڕیارە نوێیانەی واشنتن وەک کارتێکی گوشار دەبینرێن بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا تاوەکو خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد بکەن. پێشتر ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردبووەوە، ئیمەیڵێکی پێنتاگۆن باس لە چەند بژاردەیەک دەکات بۆ سزادانی هاوپەیمانەکانی ناتۆ، لەوانە سڕکردنی ئەندامێتی ئیسپانیا لە هاوپەیمانییەکە و پێداچوونەوە بە هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر دوورگەکانی فۆڵکلاند کە بەریتانیا بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات.
 
سەرەڕای ویستی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی هێزەکان، بەڵام یاسای رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی کە ترەمپ خۆی لە کانوونی یەکەمی رابردوودا واژۆی کردووە، رێگری دەکات لەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەورووپا لە 76 هەزار سەرباز کەمتر بێتەوە.
 
بەڵام ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت ئەم بەربەستە یاساییە ببڕێت ئەگەر سەرۆک بیسەلمێنێت، کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ راوێژی کردووە و نیشانی بدات ئەم کەمکردنەوەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئەمریکا و رێگری لە دەستدرێژییەکانی رووسیا نابێت.
 
ئەم پەرەسەندنە نیشانەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە ستراتیژیی سەربازیی ئەمریکا لە ئەورووپا، لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت سەرنج و هێزی خۆی زیاتر بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووبەڕووبوونەوەی تاران ببات.