پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان: تەرمی زیاتر لە 80 کۆچبەری بەلەمە نقومبووەکەمان دۆزیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 14ی حوزەیران، بەلەمێک کە نزیکەی 400 کۆچبەری تێدابوو، لە شاری تەبڕقی لیبیاوە بەڕێکەوت بەرەو ئیتاڵیا، بەڵام بە دووریی 47 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی پیۆپۆنیسی یۆنان، بەهۆی نالەباریی کەشەوە نقومبوو و تائێستا تەرمی زیاتر لە 80 کۆچبەر دۆزراونەتەوە.
گیانیس کارڤێڵس، سەرۆکی بنکەی تەندروستیی هەرێمی پیۆپۆنیس رایگەیاند، "ئێمە 104 کەسمان رزگار کردوون کە ئێستا لە کلاماتا لە شوێنی ئارامدان. پزیشک و پەرستارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن. 21 لە کۆچبەرەکان گوازرانەوە نەخۆشخانە، چونکە تەندروستییان ناجێگیر بوو. چوار کەسیش بە سەختی بریندار ببوون، ناچار بووین بە کۆپتەر بیانگوازینەوە."
رێکخراوی خاچی سوور بە هانای رزگاربووانی رووداوەکە چووە و هیوا هەیە خەڵکی دیکەش رزگار بکەن.
کۆستانتینۆس ڤلاچۆ، خۆبەخش لە خاچی سوور ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوان شڵەژاو دیاربوون. کێ شڵەژاو نابێت دوای ئەوەی بەلەمەکەیان نقووم بێت؟ هیوادارین خەڵکی زیاتر رزگار بکرێن."
لە ساڵی 2019دا 80,454 کۆچبەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تاوەکو ساڵی 2023 ژمارەکان داکشاون، لە 2022دا بۆ 12,758 کۆچبەر دابەزیوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی یۆنان، لە ساڵی 2022دا پۆلیسی وڵاتەکە رێگریی لە 256 هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی، هەروەها 1300 کەسی دیکەشیان دەستگیر کردووە کە قاچاخچی بوون.
بەلەمەکە لەنێو سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بە دووریی 47 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی پیەپۆنیس، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە، نقومبووە.