عێراقییەک لە دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا دانی بەوەدا نا ئەندامی داعش بووە
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەردەم دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا لە ویلایەتی پۆرتلاند، دانی بەوەدا نا کە ئەندامی رێکخراوی داعش بووە و پشتگیریی گرووپەکەی کردووە.
رۆژی چوارشەممە 14ی حوزەیرانی 2023 کێڤن سۆنۆف، گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، "هەوازن سەمیر، تەمەن 33 ساڵ، هاووڵاتییەکی عێراقییە و دانیشتووی ویلایەتی پۆرتلاندی ئەمریکایە، لە تشرینی دووەمی 2020 لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکاوە دەستگیر کراوە و تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە بە شێوەیەکی ئۆنلاین یارمەتیی داعشی داوە."
هەوازن، ساڵی 2014 چووەتە ئەمریکا و بە گوتەی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا "جگە لە بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک لەسەر ئینتەرنێت کە پشتگیریی لە رێکخراوی داعش کردووە و خەڵکی فێرکردووە کە چۆن بە چەقۆ هێرش بکەنە سەر خەڵک و یارمەتیی تەکنیکیشی پێشکێشی ئەندامانی رێکخراوەکە کردووە."
بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا، دادگە لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکەی هەوازن دەدات و پێشبینی دەکرێت هاووڵاتییە عێراقییەکە بە 20 ساڵ بەندکردن سزا بدرێت و بە 250 هەزار دۆلاری ئەمریکیش سزای مادی بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی زانکۆی George Washingtonی ئەمریکا، لە ساڵی 2014وە 267 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعش لە ئەمریکا دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەش 198 کەسیان دانیان بەوەدا ناوە، پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و لەگەڵ رێکخراوە پەڕگیرەکە هاوسۆز بوون.