جەنگ، منداڵانی غەززە تووشی کێشەی دەروونی دەکات
رووداو - غەززە
بەهۆی بەردەوامیی شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززە، منداڵانی فەڵەستین تووشی نیگەرانی و ترس و کێشەی دەروونی زۆر بوون.
مریەم ئەتار، تەمەن 35 ساڵ، دانیشتووی گوندی ئەتاترای باکووری غەززە، خۆی و پیاوە کەمئەندامەکەی و شەش منداڵەکەی بۆ سێیەم جارە ئاوارە دەبن تەنیا لەم ساڵدا، ئەویش بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و کەرتی غەززە و بۆردوومانکردنی ماڵەکەی. ئەتار باس لە نارەحەتی خێزانەکەی و منداڵەکانی دەکات بەهۆی بەردەوامیی شەڕو ئاڵۆزییەکان.
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە فەڵەستینییەکان، خێزانی ئەتار تەنها یەك خێزانە لە نێوان حەڤدە هەزار خێزانی باکووری غەززە کە ئاوارەبوون و شوێنیان کراوەتەوە لە کەمپێك کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات لە شاری غەززە.
بەپێی هەواڵی رێکخراوێکی منداڵپارێز، بەهۆی ترسی شەڕو ئاژاوەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل منداڵانێکی زۆر تووشی نەخۆشی خەمۆکی و گۆشەگیری بوون.
منداڵەکان لەکەمپەکاندا یارمەتی دەدرێن بۆ گەڕانەوەیان بۆدۆخی جاران و لابردنی ترس و خەمۆکی لە دڵ و دەروونیان. ئەوانیش ئاواتەخوازی کۆتاییهێنانی ئەم شەڕەن. دەیانەوێت وەكو منداڵانی دیکەی جیهان لە ئاشتیدا بژین.
زۆر لە خێزانە ئاوارەکانی دیکەش پێیانوایە کە بەردەوامی شەڕو ئاوارەبوون کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئایندەی منداڵەکان و هەستی دژە ئیسرائیل و زایۆنیستیان تێدا پەیدادەبێ و گەشە دەکات.