نەتەوە یەکگرتووەکان: لە شەش مانگی ئەمساڵدا 289 منداڵ لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بولگاری دەیان کۆچبەر لە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری داخراودا دەستگیر دەکات کە بارودۆخیان خراپ بووە و خەریکبووە بخنکێن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تەنیا ئەمساڵ 289 منداڵ لە رێگەی کۆچدا گیانیان لەدەستداوە.
پیتەر تۆدۆرۆڤ، بەرپرسی کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا گوتی، "قاچاخچییەکان بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری داخراوەوە لە گەرمایەکی زۆر، کۆچبەران دەگوازنەوە و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە".
وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا دەڵێت، لە هەڵمەتێکیاندا 300 کۆچبەریان دەستگیر کردووە، لە هەڵمەتێكی دیکەیاندا 15 قاچاخچییان کەلەپچە کردوون کە بەرنامەیان دادەنا بۆ دەربازکردنی کۆچبەران بە رێگەی نوێ بەرەو یۆنان.
پیتەر تۆدۆرۆڤ باسی لەوە کرد، "قاچاخچییەکان لە دۆزینەوەی رێگەی نوێی دەربازکردنی کۆچبەران زۆر زیرەک و بەتوانان. ئەوان بەردەوام هەوڵی فریودانی هێزە ئەمنییەکانمان دەدەن".
بە دەریای نێوەڕاستیشدا بازاڕی قاچاخچییەکان گەرم بووە؛ تیمەکانی سەر بە پزیشکانی بێسنوور دەڵێن، لە هەفتەی رابردوودا، نزیکەی 200 کەسیان لە دەریای نێوەڕاستدا رزگارکردووە لە نێویاندا 47 منداڵی بێ دایک و باوک.
لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە، 11 هەزار و 600 منداڵ لەگەڵ دایک و باوک یان بە تەنیا هەوڵی پەڕینەوە لە دەریای نێوەڕاستدا داوە؛ هەفتانە لانیکەم 11یان خنکاون؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات.
ڤێرینا نەوس، بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران گوتی، "ئەمساڵ، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتاییدا 289 منداڵ گیانیان لەدەستداوە، ئەوە یەکسانە بە فڕۆکەیەکی پڕ لە منداڵ".
سەرەڕای تووندترکردنی کۆنترۆڵی رێگەکان، هێشتا بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە دیوی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە سەرووی 10 هەزار کۆچبەر، لە رۆژئاوا نزیکەی 8 هەزار و بە دەریای نێوەڕاستیش سەرووی 50 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا."