کێ لە پشت تیکتۆکە؟


رووداو دیجیتاڵ

گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک کە لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە دامەزراوە گەیشتووەتە لوتکە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەک مانگ دەرفەتی داوە تاوەکو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بفرۆشرێتە کۆمپانیایەکی ئەمریکا. دەڵێت، ئەگەر ئەوە روونەدات، هەموو خزمەتگوزارییەکانی لە ئەمریکا رادەگیرێت.
 
شەڕی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی چین بە تیکتۆکەوە نەوەستاوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی چینی وەک ویچاتی گرتووەتەوە. هەرچەندە دژایەتی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی لە دژی گەورە کۆمپانیای هۆواوی بەردەوامە.
 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لەلایەن ژانگ یمیمگی تەمەن 36 ساڵان دامەزراوە کە ئەندازیارێکی کۆمپیوتەرە و ئێستا سامانی گەیشتووەتە 16.2 ملیار دۆلار. سەرەڕای ئەوەی کە یەکێکە لە دەوڵەمەندە گەورەکانی جیهان، بەڵام ژیانێکی تایبەتی نهێنی هەیە، وردەکاریی ژیانی تایبەتیی نازانرێت و خۆی زۆر لە میدیاکان بەدوور دەگرێت.
 
ژانگ لە ساڵی 2005 لە زانکۆی نانکای بەشی ئەندازیاریی سۆفتوێری کۆمپیوتەر تەواودەکات و وەک یەکەم کاری خۆی لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە حیجزکردنی تیکت و هۆتێل بە شێوازی ئۆنلاین بە ناوی کوشون وەک ئەندازیارێکی سادە و ساکار دەستبەکاردەبێت.
 
ژانگ جارێک بە کارمەندانی خۆی لە کۆمپانیای بایت دانس دەڵێت، ساڵی یەکەم تەنیا ئەندازیارێکی سادە بووە، بەڵام لە ساڵی دووەمی کارکردنیدا بووەتە بەڕێوەبەری 40 تاوەکو 50 کارمەند.
 
ئەندازیارە گەنجەکە لە ساڵی 2012 کۆمپانیای بایت دانسی دامەزراند کە ئێستا بەهای ئەو کۆمپانیایە بە 75 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەوەش وای لە بایت دانس کردووە کە ببێتە پڕبەهاترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەسەر ئاستی جیهان.
 
کۆمپانیاکە چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی دامەزراندووە. بایت دانس خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فلیپچاتە کە هاوشێوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ویچاتە لە چین.
 
بایت دانس هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتیی دووشانی لە ساڵی 2019 دامەزراند کە تایبەتە بە چاتی ڤیدیۆیی. یەکەم کاری جیددی کۆمپانیاکەش دامەزراندنی ئەپلیکەیشنێک بوو کە وەک پلاتفۆرمێک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ کاری دەکرد. پلاتفۆرمەکەی بایت دەنس تایبەت بە هەواڵ ناوی "تایتیائۆ"یە.
 
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی تایتیائۆ ئامادەکردنی هەواڵە لەرێگەی رۆبۆتەکانەوە و هیچ رۆژنامەڤانێک لەو پلاتفۆرمەدا کار ناکات و تەنیا بە کۆمپیۆتەر و لەرێگەی رۆبۆتەکان هەواڵەکان ئامادە دەکران.
 
ژانگ خۆی سەبارەت بە پلاتفۆرمە هەواڵییەکەیان دەڵێت، ئەوان هەواڵیان پێشنیاز بە بەکاربەران دەکرد و پێویستی نەدەکرد کە چاوەڕێی داواکاریی بەکاربەران بن تاوەکو هەواڵێکیان پێشاندەدرێت، بەڵکو ئەو پلاتفۆرمە بەردەوام هەواڵەکانی دەنارد بۆ بەکاربەران.
 
دامەزرێنەری بایت دانس ئاماژە بەوەشدەکات، وەک زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، لە کۆمپانیای بایت دانس هیچ رۆژنامەڤانێک کارناکات و هەموو شتەکان رۆبۆتەکان دەیکەن.
 
ژانگ دەڵێت، ئەوان کۆمپانیایەکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ نیین و تەنیا خۆیان بە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی دەزانن کە کاری هەرە لە پێشینەیان کاری داهێنەرانە و سەرنجڕاکێشە. گوتیشی، پلانی هەیە کە بایت دانس وەک کۆمپانیا گەورەکانی گووگڵ و فەیسبووک و ئەمازۆن پەرەپێبدات و خزمەتگوزاییەکانی لە هەموو جیهاندا ببینرێن. 
 
کێشەی گەورەی ئیدارەی ترەمپ و ئەمریکا ئەوەیە کە گومانیان هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی چین.
ترەمپ دەڵێت، بایت دانس زانیاریی بەکاربەران بە خراپی بەکاردەهێنێت و کۆی دەکاتەوە. بۆیە داوای کردووە تیکتۆک بفرۆشرێتە کۆمپانیایەکی ئەمریکی.
 
لە مانگی دووی ئەمساڵدا تیکتۆک ئامادەبوو 5.7 ملیۆن دۆلار سزا بدرێت دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی بازرگانیی فیدراڵیی ئەمریکا سكاڵای لێکرد لە زانیاریی منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵی ئەمریکی بەبێ رەزامەندیی دایک و باوکیان بەکارهێناوە.
 
بەپێی گۆڤاری فۆربیس، سامانی ژانگ لەو پشکەوە دێت کە لە کۆمپانیای بایت دانس هەیەتی. فۆربیس ئاماژە بەوە دەکات، ژانگ خاوەنی 24٪ـی پشکەکانی کۆمپانیای بایت دانسە و گۆڤارەکە لە ساڵی 2018ـەوە ژانگی وەک ملیاردێر لە لیستی خۆی تۆمارکردووە، ئەوکاتەی کە سامانەکەی بە چوار ملیار دۆلار خەمڵاندبوو.