هەموو ئەوانەی پێویستە لەبارەی کۆبوونەوەی ترەمپ و پووتین بیزانیت
راپۆرتی بژار زوبێر و تەنیا ئەحمەد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە لە دیپلۆماسیی ئەمریکی و رووسی، دوای نزیکەی شەش ساڵ، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکانی زلهێزترین وڵاتەکانی جیهان یەکدی دەبینن. ترەمپ چاوی لە کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینایە و پووتین مەرجی خۆی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە رەنگە لووتکە گرنگ و چارەنووسسازەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، شکست بهێنێت و رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەسەر ئۆکرانیا لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەبێت لەگەڵ کیێڤ بۆ "رێککەوتن لەسەر دابەشکارییەکان."
سەرۆکی ئەمریکا لە شەوی پێش کۆبوونەوە گرنگەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لە ئەلاسکا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی رەنگە زۆر کورت بێت، ئەگەر زوو هەست بکات "کۆبوونەوەیەکی خراپ" دەبێت، هاوکات جەختی کردەوە کە ئەو رێگرە لەوەی پووتین هەموو ئۆکرانیا داگیربکات و ئەمریکا "هیچ پارەیەک" بە کیێڤ نادات.
کۆبوونەوەی دووەم "گرنگترە"
لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کاتێک سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەلاسکا پرسیاری لێکرا، ترەمپ گوتی: "سبەی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرۆک پووتین هەیە. پێموایە کۆبوونەوەیەکی باش دەبێت، بەڵام کۆبوونەوەی گرنگتر، کۆبوونەوەی دووەم دەبێت."
ترەمپ روونیکردەوە کۆبوونەوەی دووەم دەکرێت پووتین و زیلینسکی و "رەنگە" هەندێک لە سەرکردەکانی ئەورووپاش لەخۆبگرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەی یەکەم، لە ئەلاسکا ئەو کۆبوونەوە دووەمە بکرێت. گوتی: "حەزدەکەم ببینم ئەوە روودەدات، رەنگە هەر لە ئەلاسکا بێت، کە تێیدا دەمێنینەوە چونکە زۆر ئاسانترە."
کۆبوونەوەکە رەنگە زۆر کورت بێت
سەرەڕای گرنگیی کۆبوونەوەکە، ترەمپ روونیکردەوە کە رەنگە دانیشتنەکەی لەگەڵ پووتین زۆر درێژە نەکێشێت.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "من لە ماوەی دوو، سێ، چوار یان پێنج خولەکی یەکەمدا دەزانم، وەک چۆن زۆربەی کات بۆمان دەردەکەوێت، کە ئایا کۆبوونەوەیەکی باشمان دەبێت یان خراپ. ئەگەریش کۆبوونەوەیەکی خراپ بێت، زۆر بەخێرایی کۆتایی دێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە کرێملن ئەم هەفتەیە رایگەیاند، مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە ساڵی 2024ەوە نەگۆڕاون و دەیەوێت ئۆکرانیا لەو هەرێمانە بکشێتەوە کە رووسیا بە خاکی خۆی دەزانێت.
کات و شوێنی کۆبوونەوەکە:
کرێملین رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:30ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئەلاسکا دەستپێدەکات، کە دەکاتە 03:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن و 10:30ی شەو بە کاتی هەولێر.
شوێن: بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئێلمێندۆرف-ریچاردسن، لە ئەنکۆرەیج، ئەلاسکا.
کەشوهەوای ئەنکۆرەیج، ئەلاسکا: پێشبینی دەکرێت، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا پلەی گەرمای شاری ئەنکۆرەیج 13 پلەی سیلیزی بێت و ئاسمان هەور بێت.
بەشداربووان:
بەشی یەکەم: کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی دەبێت لەنێوان ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ، کە تەنیا وەرگێڕەکانیان ئامادە دەبن.
بەشی دووەم: کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات، کە چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی باڵا لەخۆبگرێت.
بەشی سێیەم: کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لە دوای نیوەڕۆ.
دوای کۆبوونەوەکان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش بۆ رای گشتی بەڕێوەدەچێت.
گەڕانەوەی شاندەکان:
کاتی گەڕانەوەی شاندەکان تاوەکو ئێستا دیار نییە، میدیاکان هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی کاتی بەجێهێشتنی ئەنکۆرەیج لەلایەن شاندەکانەوە بڵاونەکردووەتەوە. هیچ سەرچاوەیەک تاوەکو ئێستا ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
تەوەرە سەرەکییەکان:
تەوەری سەرەکی: گفتوگۆی ئاشتی لەبارەی جەنگی بەردەوامی رووسیا-ئۆکراینا، لەنێویاندا پێشنیازی "گۆڕینەوە خاک" و مەرجەکانی ئاگربەست.
گفتوگۆی زیاتر لەبارەی هاوئاهەنگیی ئابووریی دوولایەنە کە رەنگە سووککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر رووسیا، گەشەپێدانی سەرچاوەکان لە ئەلاسکا و ئۆکراینا و تەنانەت کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لەخۆبگرێت.
"ئەگەر من سەرۆک نەبوومایە، پووتین هەموو ئۆکراینای داگیردەکرد"
ترەمپ جارێکی دیکە هەڵوێستی پێشووی خۆی دووپاتکردەوە کە پووتین دەیەوێت رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە ببینێت و گوتی: "پێموایە ئەگەر من سەرۆک نەبوومایە، ئەو هەموو ئۆکراینای داگیردەکرد. ئەمە جەنگێکە کە هەرگیز نەدەبوو رووبدات، بەڵام من سەرۆکم و ئەو یاری لەگەڵ من ناکات."
سەبارەت بە هاوکارییەکانیشیان بۆ ئۆکراینا، ترەمپ جەختی لەسەر ئەو بەڵێنانەی ئەم دواییەی ئەورووپا کردەوە بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکراینا و لە نووسینگەی سەرۆکایەتی گوتی: "وەک دەزانن، ئێمە هیچ پارەیەک بە ئۆکراینا نادەین. ئێمە کەرەستەیان پێدەدەین و لە بەرامبەر ئەو کەرەستانەدا 100%ـی تێچووەکە و زیاتریشمان لەلایەن ناتۆوە بۆ دەگەڕێتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە زیلینسکی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، کیێڤ تاوەکو ئێستا 1.5 ملیار دۆلاری لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانییەوە بەدەستهێناوە بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی، وەک بەشێک لە میکانیزمێک کە "بەڕاستی بەرگریمان بەهێز دەکات."