ترەمپ لەبارەی لووتکەی ئەلاسکا: شتێکی لێ سەوز دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین گەشبینە و دەڵێت، "شتێکی لێ سەوز دەبێت." ئۆکرایناش بە نیگەرانییەوە لە لووتکەکە دەڕوانێت و بە "سەرکەوتن" بۆ پووتین ناوی دەبات. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا. 
 
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئەلاسکا، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، رێگە بە ئۆکراینا دەدات بڕیار بدات لەوەی کە ئایا دەیەوێت ئاڵوگۆڕی خاک لەگەڵ رووسیا بکات و گوتیشی کە  ئامانجی ئەوەیە وا لە هەردوو لا بکات دەست بە دانوستاندن بکەن.
 
ترەمپ لەبارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، گوتی: "لە راستیدا ئەمە زیانی پێدەگەیەنێت، بەڵام (پووتین) پێیوایە یارمەتی جەنگەکە یارمەتیی دەدات بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی باشتر بکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، پێشبینی دەکات کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پووتین ئەنجامی هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی دۆخەکە و "لاوازیی ئابووریی رووسیا".
 
هەر لەبارەی پووتینەوە گوتی: "پیاوێکی زیرەکە، ماوەیەکی زۆرە ئەم کارە دەکات، بەڵام منیش هەروەها... پێکەوە هەڵدەکەین، رێزێکی باش لەنێوان هەردوولاماندا هەیە، و پێم وایە، شتێکی لێ سەوز دەبێت."
 

ترەمپ گوتی ئەوە نیشانەیەکی باشە کە پووتین خاوەنکار و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی لە رووسیاوە لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام گوتیشی هیچ رێککەوتنێک ئەنجام نادرێت تاوەکو جەنگەکە یەکلایی نەبێتەوە.
 
ترەمپ و پووتین پێشتر چەند جارێک کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەیان حوزەیرانی 2019 لە ئۆساکای ژاپۆن لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی 20 کرا.
 
یەکەم سەردانی پووتین بۆ سەر خاکی رۆژئاوا 
 
پووتین بۆ یەکەمجار لەوەتەی فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای لە شوباتی 2022 دا، پێ دەنێتە سەر خاکی رۆژئاوا؛ جەنگێکی بێوچان کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و رێک بەر لە لووتکەی ئەلاسکا، رووسیا پێشڕەویی خێرای بەدەستهێناوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە ئەگەر پووتین سازش نەکات، لەوانەیە کۆبوونەوەکە لە ماوەی چەند خولەکێکدا کۆتایی پێبێت.
 
هەموو وشە و ئاماژەیەک لەلایەن سەرکردەکانی ئەورووپا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکییەوە بە وردی چاودێری دەکرێن کە بەشداری پێنەکراوە و بە ئاشکرا گوشاری ترەمپی بۆ رادەستکردنی ئەو خاکانەی رووسیا دەستی بەسەردا گرتووە، رەتکردووەتەوە.
 
زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە جەنگ کۆتایی پێبێت، و دەبێت رووسیا هەنگاوە پێویستەکان بنێت. ئێمە پشت بە ئەمریکا دەبەستین."
 
ترەمپ لووتکەکەی بە "کۆبوونەوەیەک بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستەکان" ناوبردووە بۆ تاقیکردنەوەی پووتین، کە دواجار لە ساڵی 2019 بینیویەتی و ئەمڕۆ گوتی کە بۆ "دانوستاندن" ناچێتە ئەلاسکا.
 
لەبارەی سەرکردەکانی رووسیا و ئۆکرانیا گوتی: "من لێرەم بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆیانبکەمەوە." 
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، مۆسکۆ پێشبینیی دەرەنجامی کۆبوونەوەکە ناکات. لاڤرۆڤ دوای گەیشتنی بە ئەلاسکا، بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی رووسیای گوت: "ئێمە هەرگیز پێشوەختە هیچ پێشبینییەک ناکەین." 

 

لاڤرۆڤ تیشێرتێکی لەبەردابوو کە بە فۆنتی سلاڤیکی کورتکراوەی CCCP لەسەر نووسرابوو کە ئاماژەیە بۆ "USSR" (کورتکراوەی یەکێتیی سۆڤیەت). 
 
لاڤرۆڤ گوتی: "هەڵوێستی رووسیا روون و بێ پێچ و پەنایە." 
 
ترەمپ بەڵێنی داوە کە راوێژ بە سەرکردەکانی ئەورووپا و زیلینسکی بکات، و گوتوویەتی کە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا دەبێت لەگەڵ پووتین و سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ "دابەشکردنی" خاک.
 
نوێترین گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ترەمپ دا
 
ترەمپ شانازی بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ پووتین دەکات، جۆ بایدنیش بە هۆکاری جەنگی ئۆکراینا دەزانێت. پێش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڵێنی دابوو کە دەتوانێت لە ماوەی 24 کاژێردا ئاشتی بهێنێتە ئاراوە.
 
بەڵام سەرەڕای پەیوەندییە دووبارەکانی بە پووتینەوە و کۆبوونەوەی 28ی شوباتی کۆشکی سپی کە تێیدا ترەوپ بە ئاشکرا سەرزەنشتی زیلینسکی کرد، سەرۆکی رووسیا هیچ نیشانەیەکی سازشی پێشان نەداوە.
 
ترەمپ دانی بە بێهیوایی خۆیدا ناوە بەرامبەر پووتین و هۆشداریی داوە لە "دەرەنجامی زۆر تووند" ئەگەر ئاگربەست قبووڵ نەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا رازی بووە لە ئەلاسکا بیبینێت.
 
بڕیارە گفتوگۆکان کاژێر 11:30ی بەیانی بە کاتی ئەلاسکا (22:30 بە کاتی هەولێر) لە بنکەی هێزی ئاسمانیی ئێلمێندۆرف دەستپێبکەن، کە گەورەترین دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکایە لە ئەلاسکا و بنکەیەکی سەردەمی جەنگی سارد بوو بۆ چاودێریکردنی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.
 

ئەوەی گرنگیی مێژوویی ئەم لووتکەیە زیاتر دەکات ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1867 دا ئەلاسکای بە 7.2 ملیۆن دۆلار لە رووسیا کڕیوە؛ رێککەوتنێک کە مۆسکۆ ئاماژەی پێداوە بۆ پێشاندانی رەوایەتیی ئاڵوگۆڕی خاک.
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاندووە چاوەڕوان دەکرێت پووتین و ترەمپ بە تەنیا لەگەڵ وەرگێڕەکان کۆببنەوە پێش نانخواردنێک لەگەڵ یاریدەدەرەکانیان.
 
چاوەڕوان ناکرێت هیچ کام لە سەرکردەکان لە بنکەکە بچنە دەرەوە بۆ ئەنکۆرەج، گەورەترین شاری ئەلاسکا، کە خۆپیشاندەران درووشمی پاڵپشتییان بۆ ئۆکرانیا هەڵواسیوە.
 

"سەرکەوتن" بۆ پووتین؟ 
 
لووتکەکە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە رێبازی سەرکردەکانی رۆژئاوای ئەورووپا و بایدن، کە بەڵێنیان دابوو بەبێ ئامادەبوونی کیێڤ لەبارەی داهاتووی ئۆکرانیا گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا نەکەن. 
 
پووتین فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ دەرچووە، ئەمەش وایکردووە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە گەشتەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
 
بەڵام، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەندام نییە لە دادگەی لاهای و وەزارەتی گەنجینەی ترەمپ بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر بەرپرسە باڵاکانی رووسیای سووک کردووە تا رێگەیان پێبدرێت گەشت بکەن و کارتی بانکی لە ئەلاسکا بەکاربهێنن.
 
زیلینسکی لووتکەی ئەلاسکای بە "سەرکەوتنێکی کەسی" بۆ پووتین ناوبردووە، کە هێزەکانی لە رۆژانی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەن. 
 
زیلینسکی دەڵێت، بەم گەشتە پووتین "لە گۆشەگیری دێتە دەرەوە،" و "بە جۆرێک لە جۆرەکان سزاکانی دواخستووە،" ئەو سزایانەی کە ترەمپ بەڵێنی دابوو بیسەپێنێت بەسەر رووسیادا ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک نەبێت.