لووتکەی ئەمریکا و رووسیا لە ئەلاسکا دەستپێدەکات؛ "گۆڕانکاری لە پلانی لووتکەکە دروستبووە"
رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی ئەمریکا و رووسیا لە ئەلاسکا دەستیپێکرد. کۆشکی سپی و کرێملن دەڵێن، گۆڕانکاری لە پلانی لووتکەکەدا دروستبووە و هەردوو سەرۆک بە تەنیا کۆنابنەوە.
جیهان چاوەڕێ دەکات کە کۆبوونەوەکە چ ئەنجامێکی بۆ جەنگی خوێناویی ئۆکراینا دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی، بە جیا بە فڕۆکە گەیشتنە بنکەی ئاسمانیی ئێلمێندۆرف ریچاردسن.
دوای دابەزینیان لە فڕۆکەکانیان، ترەمپ و پووتین تەوقەیان کرد و هەردووکیان دەستیان لە ئەنیشکی یەکدی دا. هەروەها ترەمپ چەند جارێک دەستی لە پشتی پووتین دا.
پاشان هەردوو سەرۆک بۆ وێنەگرتن چوونە سەر سەکۆیەکی تایبەت بە لووتکەکە.