ترەمپ: رێژەی تاوان لە واشنتن دی سی 10 هێندەی فەللوجەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە باسی لە زیادبوونی تاوان لە واشنتن دی سی کرد و گوتی، رێژەی تاوان لەو شارە لە مەکسیکۆ ستی و ئیسلام ئاباد زیاترە و "دە هێندەی فەللوجەیە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ رایگەیاند، رێژەی تاوان لە ئەمریکا زیاترە لەوەی راگەیەندراوە. حکومەتی دیموکراتی ناوچەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لێکۆڵینەوە لە زۆربەی تاوانەکان ناکەن و تاوانباران دەستگیر ناکەن.
ترەمپ نووسیویەتی، "واشنتن دی سی، یەکێکە لەو شارانەی کە بەرزترین رێژەی تاوانی لە جیهاندا هەیە، بەرزترە لە زۆربەی وڵاتە دواکەوتووەکانی جیهانی سێیەم."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەشڵێت، "رێژەی تاوان لە شارەکەدا بەرزترە لەو شوێنانەی کە بە تووندووتیژی ناسراون، لەوانەش مەکسیکۆ سیتی لە بۆگۆتا، ئیسلام ئاباد، و ئەدیس ئەبابا و نزیکەی دە هێندەی فەللوجەیە لە عێراق."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرچەندە "دی سی لەلایەن جەردە و بکوژەکانەوە گەمارۆ دراوە، بەڵام سوپا و هێزە ئەمنییەکان شارەکە ئازاد دەکەن و قێزەونییەکەی پاک دەکەنەوە و دەیگۆڕنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت، پاک و جوان."
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی گاردی نیشتمانی بە واشنتن دی سی پایتەختدا بڵاودەکاتەوە و هێزی پۆلیسی شارەکەش دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی فیدراڵی، ئەوەش بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی تاوان و پاککردنەوەی شەقامەکانی شارەکە لەخێوەتی پەناخوازان.
ترەمپ ئەوکات گوتبووی، "ئێمە [لە رێژەی تاوان] دوو هێندەی بەغداین. پەنەما سیتی، برازیلیا، سان هۆزێ لە کۆستاریکا، بۆگۆتا لە کۆلۆمبیا کە مادەی هۆشبەری زۆرە. مەکسیکۆ سیتی، کە باسم کرد، لیما لە پێرو. ئێمە لە هەمووی دوو هێندە و سێ هێندە زیاترین. کەواتە ئایا دەتانەوێت لە شوێنی وادا بژین؟ پێموانییە. واشنتن، لە هەر 100 هەزار کەسێک، 41 تاوان هەیە. ژمارە یەکە لە جیهاندا."
ئامانجێکی دیکەی پلانەکەی ترەمپ رووبەرووبوونەوەی کۆچبەرانە و لەو بارەیەوە گوتی، "ئێمە گەڕەکەکان پاک دەکەینەوە. ئەم شارە چیدیکە نابێتە پەناگەیەک بۆ تاوانبارانی کۆچبەری نایاسایی." گوتیشی، "نزیکەی 70%ـی ئەو تاوانبارانەی لە ساڵی 2023 دا لە واشنتن دەستگیرکران، دادگایی نەکراون."
واشنتن زۆرینەی دانیشتووانەکەی دیموکراتن، ئیدارەی ترەمپ ئیدارەی بایدن بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە سەردەمی ئەواندا "تاوان لە پایتەختی ئەمریکا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە تاوانباران نەرم بووە."
ئەم رێکارە نوێیەی ترەمپ، هاوشێوەی سیاسەتەکانی دژ بە کۆچبەرانە، کە بەشێوەیەکی کاریگەر سنوورەکانی باشووری ئەمریکای لەگەڵ مەکسیک کۆنترۆڵ کردووە و رێگەنادەن کۆچبەران دزە بکەنە نێو ئەمریکاوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو پلانی هەیە ئەم سیاسەتە بۆ شارە پڕ تاوانەکانی دیکەش پەیڕەو بکات، بەتایبەتی شارەکانی نیویۆرک و شیکاگۆ.