ترەمپ پێش بینینی پووتین: ناهێڵم یارییم پێبکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ناترسێت و گوتی ئۆکراینا لە هەر رێککەوتنێکدا لەسەر چارەنووسی بەشدار دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "من سەرۆکم، و ئەو [پووتین] ناتوانێت یاری لەگەڵ مندا بکات."
پووتین ئەمڕۆ هەینی لەسەر بانگهێشتی ترەمپ دەگاتە ئەلاسکا، ئەمەش یەکەم سەردانیەتی بۆ وڵاتێکی رۆژئاوایی لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە.
هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا، کرێملین رایگەیاندووە، هەردوو سەرۆک پلانیان هەیە بە تەنیا کۆببنەوە، ئەمەش ترسی سەرکردە ئەورووپییەکانی زیاتر کردووە لەوەی کە پووتین ترەمپ رازی بکات بە چارەسەرێک کە بەسەر کیێڤدا بسەپێنرێت.
ترەمپ هەروەها گوتی: "لە ماوەی دوو، سێ، چوار یان پێنج خولەکی یەکەمدا دەزانم... کە ئایا کۆبوونەوەیەکی باش یان خراپمان دەبێت." گوتیشی: "ئەگەر کۆبوونەوەیەکی خراپ بێت، زۆر بەخێرایی کۆتایی دێت و ئەگەر کۆبوونەوەیەکی باش بێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاشتی بەدەست دەهێنین."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بانگهێشتی لوتکەی ئەلاسکا نەکراوە، ئەو لەمە ناڕازییە و بە پاداشتکردنی پووتین ناویبردووە و داواکارییەکانی ترەمپیشی بۆ دەستبەرداربوون لە خاکی وڵاتەکەی رەتکردووەتەوە.
ترەمپ بەڵێنی دا کە هیچ رێککەوتنێک بە تەنیا لەگەڵ پووتیندا نەکات و هیواشی خواست لووتکەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکرایناش بکات.
ترەمپ بە رادیۆی فۆکس نیوزی گوت، "کۆبوونەوەی دووەم زۆر زۆر گرنگ دەبێت، چونکە ئەوە کۆبوونەوەیەکە کە تێیدا رێککەوتن دەکەن. نامەوێت وشەی 'دابەشکردن' بەکاربهێنم. بەڵام دەزانن، تا رادەیەک، دەستەواژەیەکی خراپ نییە."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەر رێککەوتنێک پێویستە "گەرهنتیی ئەمنی" بۆ ئۆکراینا لەخۆبگرێت.
بەڵام ترەمپ پێشتر پشتگیری لە هەڵوێستی رووسیا کردووە لە رەتکردنەوەی ئەندامێتی ئۆکراینا لە ناتۆ.
ترەمپ شانازیی بەوەوە دەکرد کە دەتوانێت لە ماوەی 24 کاژێردا دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، بەڵام سەرەڕای پەیوەندیکردن بە پووتین و گوشارکردن لەسەر زیلینسکی، نەیتوانیوە جەنگەکە کۆتاییپێبهێنێت و هۆشداری داوە لە "ئەنجامی زۆر توند" ئەگەر پووتین بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی هەوڵەکانی.