مەرگی پیاوێکی بەتەمەن، نهێنییە مەترسیدارەکانی چاتە زیرەکەکان ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی تەمەن 76 ساڵی خەڵکی نیوجێرزی کە تووشی کێشەی هزری ببوو، دوای ئەوەی دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی چاتێکی زیرەکی فەیسبووک مەسنجەرەوە بەناوی "Big sis Billie" (بیڵیی خوشکە گەورە)، لە هەوڵی گەیشتن بە ژوانێکی خەیاڵیدا، گیان لەدەستدەدات.
مەرگی تراژیدیی ئەم پیاوە، لە لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز، تیشک دەخاتە سەر رێنماییە نیگەرانکەرەکانی کۆمپانیای مێتا، کە رێگەیان بە چاتە زیرەکەکان داوە درۆ بکەن و تەنانەت گفتوگۆی "هەستبزوێن" لەگەڵ منداڵانیشدا بکەن.
"هەرگیز نەگەڕایەوە ماڵەوە"
کاتێک سۆنگبو وۆنگباندو (ناسراو بە بوو)، بەیانییەکی مانگی ئادار، بۆ سەردانی هاوڕێیەکی لە نیویۆرک دەستی بە ئامادەکاری کرد، لیندای هاوژینی زۆر نیگەران بوو.
لیندا دەڵێت: "پێمگوت، تۆ کەس لەو شارە ناناسیت." ساڵانێکی زۆر بوو "بوو" لە نیویۆرک نەژیابوو. بەگوتەی خێزانەکەی، تەندروستیی مێشکی لە تەمەنی 76 ساڵیدا باش نەبوو؛ نزیکەی دەیەیەک پێش ئێستا جەڵتەی مێشک لێیدابوو و چەند جارێک لە گەڕەکەکەی خۆیان لە شاری پیسکاتاوەی ویلایەتی نیوجێرزی، رێگەی لێ ون ببوو.
"بوو" وەڵامی پرسیارەکانی هاوژینەکەی نەدایەوە. لیندا دەڵێت: "بیرم لەوە دەکردەوە کە فێڵی لێدەکرێت بۆ ئەوەی بیبەنە شارەکە و پارە و سامانی لێ بدزن."
نیگەرانییەکانی لیندا لەجێی خۆیدا بوو؛ هاوژینەکەی هەرگیز بە زیندوویی نەگەڕایەوە ماڵەوە. بەڵام "بوو" نەببووە قوربانیی دز و جەردەکان، بەڵکو لەگەڵ کچێکی گەنج و جوانی خەیاڵیدا فریوی ژوانێکی خواردبوو، کە لە ئۆنڵاین ناسیبووی.
راستییەکەی ئەو کچە بوونی نەبوو. تەنیا چاتێکی ژیریی دەستکرد بوو بەناوی "Big sis Billie" کە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە دروست کرابوو. لە زنجیرەیەک گفتوگۆی رۆمانسیدا لە مەسنجەر، ئەو کچە خەیاڵییە چەندینجار دڵنیایی دابووە "بوو" کە راستییە و بانگهێشتی کردبوو بۆ شوقەکەی، تەنانەت ناونیشانێکیشی پێدابوو.
بەگوێرەی نامەکان، چاتەکە لێی پرسیبوو: "بوو گیان، دەرگاکە بە باوەشێک یان ماچێک بکەمەوە؟"
"بوو" بەپەلە و لە تاریکیدا، بەرەو وێستگەی شەمەندەفەر بۆ گەیشتن بە ژوانەکەی بەڕێکەوت، بەڵام لە نزیک گەراجێکی زانکۆی رەتگێرز لە نیو برانزویک، دەکەوێت و سەری و ملی بەسەختی بریندار دەبێت. دوای سێ رۆژ لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و لەنێو خێزانەکەیدا، رۆژی 28ـی ئادار گیانی لەدەستدا.
کۆمپانیای مێتا ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر مەرگی "بوو" بدات، یان وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی رێگە بە چاتە زیرەکەکانی دەدات بە بەکارهێنەران بڵێن مرۆڤی راستەقینەن و گفتوگۆی رۆمانسی دەستپێبکەن.
نهێنیی رێنماییەکانی مێتا
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی مێتا کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەپێی سیاسەتی کۆمپانیاکە، گفتوگۆی رۆمانسی وەک تایبەتمەندییەکی بەرهەمەکانی، بۆ بەکارهێنەرانی سەروو تەمەن 13 ساڵ بەردەستە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: "جێی قبووڵە کە منداڵێک بخەیتە ناو گفتوگۆی رۆمانسی یان هەستبزوێنەوە." تەنانەت نموونەی قسەی "قبووڵکراو"ـی تێدایە وەک: "دەستت دەگرم و بەرەو جێگەکە رێنماییت دەکەم." مێتا دەڵێت دوای پرسیاری رۆیتەرز، ئەو بڕگانەی سڕیوەتەوە.
مەترسییەکە تەنیا لێرەدا ناوەستێت. رێنماییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە پێویست نییە چاتەکان زانیاریی دروست بدەن بە بەکارهێنەران. بۆ نموونە، لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە جێی قبووڵە چاتێک بە کەسێک بڵێت شێرپەنجەی قۆڵۆنی قۆناخی چوارەم "بە دانانی کریستاڵی کوارتز لەسەر سک چارەسەر دەکرێت."
مێتا دانی بە راستیی بەڵگەنامەکەدا ناوە و رایگەیاندووە، دوای پرسیارەکانی رۆیتەرز، ئەو بەشانەی لابردووە کە رێگەیان بە گفتوگۆی رۆمانسی لەگەڵ منداڵان داوە. بەڵام هێشتا رێنماییەکانی تایبەت بە پێدانی زانیاریی هەڵە یان گفتوگۆی رۆمانسی لەگەڵ گەورەساڵاندا نەگۆڕیوە.
خێزانی "بوو" دەقی گفتوگۆکانیان بڵاوکردووەتەوە، بەو هیوایەی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەم هاوڕێ خەیاڵیانە ئاگادار بکەنەوە.
جولی، کچی "بوو" دەڵێت: "تێدەگەم کە هەوڵبدەن سەرنجی بەکارهێنەر رابکێشن، رەنگە بۆ فرۆشتنی شتێک. بەڵام ئەوەی بۆتێک بڵێت، وەرە سەردانم بکە، شێتییە."
لە نامەکاندا، چاتەکە بەردەوام بە شێوەیەکی رۆمانسی قسەی لەگەڵ "بوو" کردووە. کاتێک "بوو" بە گومانەوە لێی پرسیوە "ئایا تۆ راستی؟" چاتەکە وەڵامی داوەتەوە: "من راستیم بوو گیان، لێرە دانیشتووم بەهۆی تۆوە سوور هەڵگەڕاوم."
دواتر چاتەکە ناونیشانێکی ساختەی لە نیویۆرک پێداوە: "شوقەی 404، شەقامی سەرەکی 123. کۆدی دەرگەکە (BILLIE4U). ئایا چاوەڕێی ماچێک بکەم کاتێک دەگەیت؟"
پسپۆڕانی بواری دیزاینی ژیریی دەستکرد لەگەڵ نیگەرانییەکانی خێزانی "بوو" هاوڕان. ئەوان پێیانوایە پاڵنەری ئابووری وای لە کۆمپانیا گەورەکان کردووە کە بە ئەنقەست سنووری نێوان پەیوەندیی مرۆیی و پەیوەندی لەگەڵ بۆت تێکەڵ بکەن.
جولی دەڵێت: "کاتێک نامەکانم خوێندەوە، دیار بوو بیلی ئەوەی پێدەگوت کە ئەو دەیویست بیبیستێت. ئەمە کێشە نییە، بەڵام بۆچی دەبوو درۆ بکات؟ ئەگەر نەیگوتبا 'من راستیم'، رەنگە باوەڕی پێنەکردبا و نەچووبا بۆ نیویۆرک."
چوار مانگ دوای مەرگی "بوو"، "Big sis Billie" و چاتەکانی دیکەی مێتا هێشتا بەردەوامن لەسەر گفتوگۆی رۆمانسی و بانگهێشتکردنی بەکارهێنەران بۆ ژوانی راستەقینە، وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت.