لە ژاپۆن نزیکەی 100 هەزار کەس تەمەنیان زیاتر لە 100 ساڵە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتەکەیان تەمەنیان 100 ساڵ یان زیاترە، بەرزبووەتەوە بۆ ژمارەیەکی پێوانەیی، کە نزیکەی 100 هەزار کەسە.
 
وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن بڵاویکردەوە، 99 هەزار و 763 کەس لە وڵاتەکەیان تەمەنیان 100 ساڵ یان زیاترە، کە ئەمەش 55 ساڵە لە بەرزبوونەوە بەردەوامە. وەزارەتەکە دەشڵێت، 88٪ـی ئەوانەی تەمەنیان 100 ساڵ و زیاترە لە رەگەزی مێن. 
 
بەساڵاچووترین کەس لە ژاپۆن ئافرەتێکە بە ناوی شیگیکۆ کاگاوا، تەمەنی 114 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی یاماتۆکۆرییامایە لە شاری نارا. بەساڵاچووترین پیاویش کیۆتاکا میزوونۆیە، کە تەمەنی 111 ساڵە، خەڵکی شاری ئیواتایە.
 
تاکامارۆ فوکۆکا، وەزیری تەندروستیی ژاپۆن پیرۆزبایی لە 87 هەزار و 784 ژن و 11 هەزار و 979 پیاوی 100 ساڵ و بەرەو سەرووی وڵاتەکەی کرد و سوپاسگوزاری دەربڕی بۆ "ساڵانێکی زۆری بەشدارییان لە گەشەپێدانی کۆمەڵگادا".
 
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە 15ی ئەیلوول لەو وڵاتەدا پشوویەکی نیشتمانییە و تێیدا کەسانی سەروو 100 ساڵ پەیامی پیرۆزبایی و پەرداخێکی زیو لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان وەردەگرن. 
 
لە ساڵانی شەستەکاندا، دانیشتووانی ژاپۆن کەمترین رێژەی کەسانی سەرووی 100 ساڵیان هەبوو لە نێو وڵاتانی گرووپی 7، بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕا لە دەیەکانی دواتردا.
 
ساڵی 1963 حکومەتی ژاپۆن دەستی بە سەرژمێری کەسانی سەروو 100 ساڵ کرد و ئەو کات 153 کەس لەو وڵاتە لەو تەمەنەدا بوون. ساڵی 1981، ژمارەکە بووە هەزار کەس و ساڵی 1998 بووە 10 هەزار کەس. 
 
بە گوێرەی میدیای ژاپۆن، بەرزبوونەوەی تەمەنی چاوەڕوانکراو بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی مردن بەهۆی نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە باوەکان، بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات.
 
ژاپۆن رێژەی کەمی قەڵەویی هەیە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەردوو نەخۆشییەکە، ئەمەش بۆ خواردنی ئەو خۆراکانەی گۆشتی سووریان کەم و ماسی و سەوزەیان زۆریان تێدایە.
 
رێژەی قەڵەوی بەتایبەتی لە نێو ژنان کەمە، ئەمەش دەتوانێت تاوەکو رادەیەک تیشک بخاتە سەر ئەوەی بۆچی ژنانی ژاپۆنی تەمەنی چاوەڕوانکراویان زۆر زیاترە لە پیاوانی هاوتەمەنیان.
 
لە کاتێکدا بڕی زیاتری شەکر و خوێ هاتە ناو خۆراکی وڵاتانی دیکە، ژاپۆن بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا رۆیشت، بە پەیامە تەندروستییەکانی خەڵکەکەی رازی کرد بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ.
 
خۆراک تاکە هۆکار نییە. خەڵکی ژاپۆن مەیلیان هەیە بۆ چالاک مانەوە، زیاتر بەپێ دەڕۆن و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێنن بەراورد بە بەساڵاچوانی وڵاتانی دیکە. 
 
رادیۆ تایسۆ، راهێنانێکی رۆژانەی بە کۆمەڵە و لە ساڵی 1928ـەوە بەشێکە لە کولتووری وڵاتەکە. رۆژانە ئەم راهێنانە سێ خولەکییە لە تەلەڤیزیۆن پەخش دەکرێت و لە گرووپە بچووکەکانی کۆمەڵگادا لە سەرانسەری وڵاتدا پەیڕەو دەکرێت.