لە ئەکادیمیایەکی سەربازیی بەریتانیا رێگە بە ئیسرائیلییەکان نادرێت بخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەردەوامیی جەنگی غەززەوە، کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوەی بەرگریی، خوێندکارانی ئیسرائیلی لە خوێندن بێبەش دەکات.
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاویکردەوە، وەرگرتنی ئیسرائیلییەکان لە کۆلێژی شاهانە بۆ لێکۆڵینەوەی بەرگری لە ساڵی داهاتوودا رادەگیرێت، بەڵام رێگە بە خوێندکارانی ئێستا دەدرێت بمێننەوە.
کۆلێژەکە تایبەتە بە خوێندنی بەرگری، بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەکادیمیایەکە، مەشق و راهێنان پێشکەش بە "بیرمەندە ستراتیژییەکان و سەرکردەکانی ناو هێزە چەکدارەکان و خزمەتگوزاری شارستانی" دەکات.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە رایگەیاند، "کۆرسەکانی پەروەردەی سەربازی بەریتانیا لە مێژە کراوە بوون بۆ کارمەندانی ژمارەیەکی زۆری وڵاتان و هەموو کۆرسە سەربازییەکانی بەریتانیا جەخت لەسەر پابەندبوون بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەکەنەوە." پێشتریش ژمارەیەک وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی، ئیسرائیلیان بە پێشێلکردنی ئەو یاسایانە تۆمەتبار کردبوو.
گوتەبێژەکە گوتی، "بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە هەڵەیە" و داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ"ی کرد.
ئەمیر بارام، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، کە لە کۆلێژەکە خوێندوویەتی، بڕیارەکەی بە "کردەوەیەکی جیاکارانە" و "ناپاکی لە هاوپەیمانێک لە کاتی جەنگدا" ناوبرد.
بەریتانیا هەندێک مۆڵەتی هەناردەکردنی چەکی بۆ ئیسرائیل راگرتووە بەتایبەت ئەوانەی لە جەنگی غەززە بەکارهاتوون، بەڵام هەندێک پارچەی بەریتانی دروستکراو، وەک پێکهاتەکانی فڕۆکەی جەنگی F-35ی ئیسرائیل، لێیان بەخشراوە. هەروەها، هەفتەی رابردوو، رێگری لە بەشداریکردنی ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیل لە پێشانگایەکی گەورەی چەک لە لەندەن کرا.