ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات ئەو بنەمای لێکتێگەیشتنە جێبەجێبکرێت کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئێران واژۆیان کرد. دەشڵێت، رێککەوتنەکە گرنگە بۆ متمانەدانەوە بە کارەکانی ئاژانسەکەیان کە لەکاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا راگیرابوو. 
 
هەفتەی رابردوو، رافایل گرۆسی، بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە قاهیرە رێککەوتنێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگییەکانیان واژۆکرد. ئەمە دوای ئەوەی حوزەیرانی ئەم ساڵ لەکاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیل راگیرابوو. ئێران ئاژانسەکەی بە هۆکارێکی سەرەکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و دەستپێکردنی جەنگەکە دانابوو. 
 
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، گرۆسی لە کۆنفرانسی گشتیی ساڵانەی ئاژانسەکەی رایگەیاند، ئێستا پێویستە کارەکانی ئاژانسەکەیان لە ئێران دەسپێبکەنەوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ کارەکانیان. دەشڵێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکە پەیوەستە بە "ئێمە و ئێرانەوە". گوتیشی، پێویستیان بە ژمارەیەک رێکاری تەکنیکی و هەنگاوی پراکتیکییە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە ئێران. 
 
دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، دوای پەسندکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە، رێککەوتنەکە جێبەجێدەکرێت. دوێنێ، ئەنجوومەنەکە رێککەوتنەکەی پەسندکرد. 
 
محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی رێکخراوی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، پێویستە رێککەوتنی نوێ بکرێت بۆ ئەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانیان بڕەوێندرێنەوە و بنکە ئەتۆمییەکانیان پارێزراوبن. 
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، لە گەرمەی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لە ئێران. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی تاران بە روونی چارەنووسی ئەو بنکانەیان ئاشکرانەکردووە. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، تاران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی زیاتر 60٪ هەبوو، بەڵام چارەنووسی یۆرانیۆمەکە دیار نییە.